وەزارەتی دەرەوەی عێراق: بە سووریامان گوتووە ماڵی مام جەلال خۆیان شوقەکەی دیمەشقیان کڕیوە

دوێنێ کاژێر 03:16
زانا کایانی @zana_kayani
ماڵەکەی مام جەلال لە دیمەشق، وێنە: سەرتیپ جەوهەر - تایبەت بە رووداو
ماڵەکەی مام جەلال لە دیمەشق، وێنە: سەرتیپ جەوهەر - تایبەت بە رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە هێرش کراوەتە سەر ماڵی مام جەلال، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە دیمەشق. بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، کلیلی ماڵەکە لەلایەن هێزەکانی سووریاوە براوە و وایان زانیوە رژێمی پێشووی سووریا داویەتی بە مام جەلال.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەوبارەیەوە ئەمڕۆ دووشەممە 06-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێزەکانی سووریا چوونەتە ماڵەکەی مام جەلال، کلیلی شووقەکەیان بردووە و پێیان وابووە ئەو شوقەیە لەلایەن رژێمی پێشووی سووریاوە بە مام جەلال دراوە."
 
 
هەر لەوبارەیەوە شۆڕش خالید سەعید، بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، "دوای ئەوەی لە بابەتەکە ئاگادار کراینەوە، یاداشتنامەیەکمان ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی سووریا کرد، پێمان راگەیاندن کە شوقەکە خاوەندارێتیی بۆ ماڵی مام جەلال دەگەڕێتەوە و خۆیان زوو کڕیویانە."
 
 
بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "لەسەر هێڵین لەگەڵیان بۆئەوەی کلیلی شوقەکە وەربگرینەوە." گوتیشی، دەستکاریی ماڵەکە نەکراوە و باڵیۆزخانەی عێراقیش لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ حکومەتی سووریا لە پەیوەندیی بەردەوامدایە.
 
 
ماڵەكەی مام جەلال لە گەڕەكی مەزرعەیە، شوقەیەكە لە نهۆمی حەوتەم، لە ساڵی 1974 كڕدراوە و تاوەکو كۆتایی حەفتاكان شوێنی چەندین كۆبوونەوە و دیداری سیاسیی مام جەلال بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە