'مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق': بە درۆن هێرشمان کردە سەر دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا

05-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گرووپێکی چەکداری شیعە، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر دوو بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا. هەروەها لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن.
 
گرووپی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"، کە ژمارەیەک میلیشیای شیعە لەخۆ دەگرێت، شەوی پێنجشەممە، 4-1-2023، رایگەیاند، "لەبەردەوامیی رێبازەکەمان لە بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی داگیرکەری ئەمریکی لە عێراق و ناوچەکە و لە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی قەوارەی زایۆنی بۆ سەر کەسوکارمان لە غەززە دەیکات، موجاهیدان لەرێگەی درۆنێکەوە هێرشمان کردە سەر بنکەیەکی هێزەکانی داگیرکەر لە کەمپی روکبان لە سووریا."
 
ناوچەی روکبان ناوچەیەکی سنوورییە لەنێوان سووریا و ئوردن و دەکەوێتە باشووری سووریا. هەروەها لە راگەیێندراوێکی دیکەدا، کە لە هەمان شەو لە کەناڵی خۆی لە تەلەگرام ئەو گرووپە بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت، بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتیی عومەر لە سووریا."
 
گرووپەکە لە هەردوو راگەیێندراوەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە لە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبن.
 
رۆژی پێنجشەممە، ئەمریکا وەڵامێکی تووندی ئەو هێرشانەی گرووپە چەکدارەکانی دایەوە، کاتێک پێنجشەممە، 4-1-2024 بە درۆن هێرشی کردە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە نێوەڕاستی شاری بەغدا، بەهۆیەوە سێ چەکدار کوژران و حەوتی دیکەش بریندار بوون، یەکێک لە کوژراوەکان ئەبو تەقوایە کە فەرماندەی لیوای لیوای 12ـی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبییە.
 
هێرشی گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن، لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە دژی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە.
 
یەکەم هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر ‌هێزەکانی ئەمریکا، بەپێی ئەو راگەیێندراوانەی لە کەناڵی تەلەگرامی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023 بوو، کە رایانگەیاند بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و هەریر لە هەولێر.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە