رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند، دۆخی سووریا مەترسیدارە و گرژییەکان لە چەند بەرەیەکەوە زیادیان کردووە. دەشڵێت، ئەو ناوچانەی لەم هەفتەیەدا لەلایەن دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی نزیکییەوە کۆنترۆڵکراون نزیکەی حەوت ملیۆن کەسیان تێدا دەژین.
رۆژی چوارشەممە، 4ی کانوونی یەکەمی 2024، گیێر پێدرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە دۆخی سووریا رایگەیاند، "لە هەفتەی رابردوودا، گۆڕانکاریی گەورە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ لە سووریا هەبوو کە بووە هۆی گۆڕانکاری لەو دۆخەی کە نزیکەی چوار ساڵ بوو هەبوو. دۆخەکە لە گۆڕاندایە و زۆر مەترسیدارە."
نێردەکە دەشڵێت، "رووبەرێکی فراوان کەوتووەتە ژێر دەستی گرووپە چەکدارەکان، لەوانە دەستەی تەحریری شام، کە لە لیستی تیرۆری ئەنجوومەنی ئاسایش دایە و گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە، لەوانە سوپای نیشتمانی سووریا. ئەم گرووپانە ژمارەیەک ناوچەیان کۆنترۆڵکردووە کە پێشبینی دەکەین نزیکەی حەوت ملیۆن کەسیان تێدا بژی."
سەبارەت بە کاردانەوەی هێزەکانی حکومەتی سووریا، پێدرسن ئاماژەی بەوەش کردووە، "هێزەکانی حکومەتی سووریا دەستیان بە خۆڕێکخستنەوە و هێرشکردنە سەر هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ کردووە و پاشەکشەیان بە ژمارەیەک چەکدار کردووە. لەم ساتەدا کە قسەتان بۆ دەکەم، دۆخەکە سەختتربووە و دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی دیکە کۆنترۆڵی ناوچەی زیاتریان کردووە و نزیک بوونەتەوە لە حەما کە ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاترە لە یەک ملیۆن کەس."
سەبارەت بە بۆردوومانەکانی سووپای سووریا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان، پێدرسن دەڵێت، "بۆردوومانەکانی حکومەت لە چەند رۆژەدا زیادیان کردووە، بەشێکیان بۆ سەر ناوچەی چەکداری و سڤیل بوون، ژێرخانی سڤیل لەوانە نەخۆشخانە بە ئامانج گیراوە کە زیانی گیانی لە هاووڵاتییانی سڤیل داوە."
دۆخی ناوچە کوردییەکان چۆنە؟
گرژی و پێکدادانەکان لە ناوچە کوردییەکانیش زیادیان کردووە. بە گوێرەی پێدرسن، "تووندوتیژیەکان لە بەرەی دووەمیش زیادیان کردووە دوای ئەوەی رۆژی 30ی تشرینی دووەم سوپای نیشتمانی سووریا هێرشیکردە سەر تەلڕەفعەت، کە ناوچەیەکە لە باکووری شاری حەلەب و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوپای سووریای دیموکرات دایە. لە وەڵامدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بە خێرایی گەیشتنە ئەم ناوچەیە. هێزەکانی سوپای نیشتمانی سووریا ئەو هێزانەی ناوچەکەیان تێکشکاند و ژمارەیەکی زۆر چەکدار (ی هێزەکانی سووریای دیموکرات) و دەیان هەزار هاووڵاتیی سڤیل ناوچەکانیان بەرەو باکووری رۆژهەڵاتی سووریا جێهێشت."
پێدرسن دەڵێت، کشانەوەی سوپای سووریا لە ناوچەکانیان بەتایبەت لە نزیک دێرەزوور مەترسیی لەسەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا(رۆژئاوای کوردستان) دروستکردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم بەیانییە (3ی کانوونی یەکەم)بەهۆی بوونی مەترسی داعش، هێزەکانی سووریای دیموکرات بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا حەوت گوندیان لە پارێزگای دێرەزور کۆنترۆڵکرد کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەت دا بوون. لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵات پێکدادانەکان لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای نیشتمانی سووریا زیادیانکردووە."
ئاڵۆزییەکان چۆن دەستیان پێکرد و دۆخەکە چۆنە ئێستا؟
لە رۆژی 27.11.2024ـەوە، گرژییەکانی سووریا زیادیان کردووە. ئەمە دوای ئەوە بوو کە دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی نزیکی هێرشیان کردە سەر پارێزگای حەلەب. ئەو گرووپە چەکدارانە توانیویانە زۆرینەی پارێزگاکە کۆنتۆڵبکەن و لە پێشڕەویش بەردەوامن.
ئێستا سووریا لەلایەن چوار دەستە و گرووپی جیاوازەوە کۆنترۆڵکراوە. زۆرترینی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەت و هێزە نزیکەکانیەتی، دوای ئەوە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و هێزە نزیکەکانیەتی و ئەوەی دیکەش لەژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریر شام و هێزەکانی نزیک لە تورکیایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ