رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا دەڵێن، ئیسرائیل بە فڕۆکە دوو هێرشی کردووەتە سەر دوو پێگەی سەربازی لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سووریا.
رۆژی پێنجشەممە 03-04-2025 رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێریی شەڕ و دۆخی سووریا دەکات و بارەگاکەی لە لەندەنە گوتی: "فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆردوومانی پێگە سەربازییەکانی ناوچەی کیسوە و موقەیلیبەیان کرد لە دەرەوەی دیمەشق."
تائێستا زانیاریی لەسەر زیانە گیانییەکان بڵاونەکراوەتەوە. سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم هێرشە نەبووە.
میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە: "داگیرکار دەورووبەری شاری کیسوەی بۆردوومان کرد."
تەلەفزیۆنی سووریاش رایگەیاند: "ئیسرائیلی داگیرکار لە ناوچەکانی سەلح تەیر، سەریا سەرع، لیوای 91 و لیوای 75ـی لە نزیک شاری کیسوەی کردە ئامانج."
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، کەمتر لە 24 کاژێر لەمەوبەر ئیسرائیل هێرشێکی هاوشێوەی ئاسمانی و لەشکرکێشییەکی زەوینیشی کرد و بەهۆیەوە 13 کەس کوژران.
سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، گەورەترین فڕۆکەخانەی سەربازیی سوپای پێشووی سووریای لە دەرعا کردووەتە ئامانج، بەڵام دەسەڵاتدارانی پارێزگاکە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا لانیکەم 9 کەسی سڤیل کوژراون.
وەزارەتی دەرەوەی سووریاش لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد و بە "پێشێلکاریی زەقی سەروەریی خاکەکەی" ناویبردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ