هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ سووریا 60٪ـی نرخەکەی دابەزاندووە

01-02-2025
دڵخواز محەممەد
  هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ سووریا نرخەکەی دابەزاندووە و خواستی کڕینیشی زیاد کردووە.
هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ سووریا نرخەکەی دابەزاندووە و خواستی کڕینیشی زیاد کردووە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە سووریا ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر و مۆدێل بەرز بە نرخێکی کەم دەفرۆشرێن. بەهۆی سزاکانی سەر سووریا و شەڕی نێوخۆی وڵاتەکە، لە ساڵی 2011ـەوە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ سووریا وەستابوو، ئێستا دەستیپێکردووەتەوە و ئەمەش نرخی ئۆتۆمبێلەکانی 60٪ دابەزاندووە.
 
جەمیل حەسەن هاووڵاتییەکی سوووریاییە و رۆژانە سەردانی پێشانگەی ئۆتۆمبێل دەکات بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلە مۆدێل 2002ـەکەی بە ئۆتۆمبێلێلی مۆدێل بەرز بگۆڕێت.
 
جەمیل حەسەن لەبارەی کڕینی ئۆتۆمبێل دەڵێت، "ئێمە ناتوانین بیکڕین، چونکە نازانین ئەو حکومەتە بە فەرمی بە ناوی ئێمەوە تۆماری دەکات یان نا. ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو کارە دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئۆتۆمبێلێکیان بە ناوی خاوەنەکەیەوە تۆمار نەکردووە. بۆ نموونە ئۆتۆمبێلێکی ساڵی 2002ـمان بە 180 ملیۆن کڕیوە، واتە زیاتر لە 13 هەزار دۆلار، بەڵام ئێستا بە دوو هەزار دەفرۆشرێت و ئێمەش دوو هەزار دۆلاری لەسەر دادەنێین و دەیبەن. تۆ دەبینیت ئەم قسەیە راستییە."
 
دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، رێگەی نێوان پارێزگەی ئیدلب و پارێزگاکانی دیکە کرایەوە. ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە تورکیاوە داخڵی نێو شارەکە دەبوون، ئێستا لە هەموو پارێزگاکانی وڵاتەکە بەردەستن، ئەمەش نرخی ئۆتۆمبێلەکانی 60٪ دابەزاندووە و خواستی کڕینیشی زیاتر کردووە. 
 
ماهیر قاسم بازرگانە و لەبارەی نرخەکانەوە دەڵێت، "نرخەکان باشن. تا ڕادەیەکی دیاریکراو باشن. سەرەتا ئۆتۆمبێلێک کە پێشتر بە 50 هەزار دۆلار بوو، دەتوانرێت ئەمڕۆ بە 10 هەزار دۆلار بکڕدرێت. ئەمەش شتێکی زۆر باشە."
 
لەسەردەمی دەسەڵات پێشووی سووریا، زۆربەی ئۆتۆمبێلەکان بەتایبەتی لە شارەکانی رەققە، ئیدلب، دێرەزوور و رەققە تۆمار نەدەکران. وەزیری گواستنەوەی سووریا دەڵێت، ئەمجارە هاووڵاتییانی سووریا دەتوانن بە فەرمی ئۆتۆمبێلەکانیان تۆمار بکەن.
 
بەهادین شەرم، وەزیری گواستنەوەی سووریا لە بارەی تۆماردکردنیان دەڵێت، "هەموو خاوەن ئۆتۆمبێلێک کە ئۆتۆمبێلەکەی بەناوی ئەوەوە تۆمار کراوە، چیدیکە ئەم تۆمارە بەڵگەنامەیە نابێت، لە جیاتی ئەوە ئەوان تابلۆی ئۆتۆمبێلی نوێ و کارتێکی نوێ  وەردەگرن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا خاوەندارێتییەکەی مسۆگەر بکات، سوپاس بۆ خوای گەورە ".
 
دوایین بڕیاری وەزارەتی گواستنەوەی سووریا لەبارەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل ئەوەیە، نابێت تەمەنی ئۆتۆمبێلەکان لە 15 ساڵ زیاتر بێت. ئەم بڕیارەش رەنگە نرخی ئۆتۆمبێلەکان هەرزانتر بکات.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە