رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند مەحموود مەشهەدانی بەتەمەنترینی ئەو بەربژێرانەیە کە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرکەوتوون و ئەگەر هیچ کێشەیەکی نەبێت و ئامادەبێت، دانیشتنی یەکەمی خوولی نوێ بەڕێوەببات، ئەوا ئەو دەبێتە سەرۆکی تەمەن.
سیروان سیرینی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی پێنجشەممە 30-12-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی بە نووسراوی فەرمی داوای ناوی بەربژێرە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەرمان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دیاریکردنی سێ بەتەمەنترین بەربژێری سەرکەوتوو کرد، ناوەکانیان بۆ ناردین و ناوی سێ بەتەمەنترین بەربژێریشیان بۆ ناردووین کە هەریەک لە مەحموود مەشهەدانی لە هاوپەیمانیی عەزم، عامر فایز لە هاوپەیمانیی تەسمیم و خالید حەسەن ساڵح دەڕاجی بەربژێری تاکە کەسی-ن".
ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی، "ئێمە لە ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای ناوی سێ کەسمان کردووە لەوانەی بەتەمەنترینی بەربژێرە سەرکەوتووەکانن، بۆئەوەی ئەگەر بەتەمەنترینیان ئامادە نەبوو سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتن بکات یان بەهۆی تەندروستی یان هەر حاڵەتێکی دیکە نەیتوانی ئەو کارە بەجێبگەیێنێت، ئەوا کەسی دووەمیان دیاری دەکرێت، ئەگەر ئەویش پاساوی هەبوو، ئەوا کەسی سێیەم رادەسپێردرێت".
سیروان سیرینی ئەوەشی بۆ رووداو یەکلایی کردەوە کە مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی پێشووتری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە بەپێی نووسراوێکی کۆماریی رۆژی پێنجشەممە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی ناردووە لە رۆژی 09-01-2022 بکرێت.
هاوکات بەپێی نووسراوی ژمارە 5360ی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە ئاراستەی بەشی یاسایی ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە، سێ بەتەمەنترین بەربژێری سەرکەوتوو بۆ خوولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەربژێر کراون بۆ سەرۆکایەتیکردنی دانیشتنی 09-01-2022.

مەحموود مەشهدانی کێیە؟
- مەحموود داوود سەلمان موسا مەشهەدانی تەمەن 73 ساڵ، لەدایکبووی 20ی ئایاری 1948ـە لە شاری بەغدایە.
- خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە بەغدا تەواو کردووە.
- لە ساڵی 1966 چووەتە کۆلێژی پزیشکی و بە پلەی مولازمی یەکەمی پزیشک لە ساڵی 1972 دەرچووە.
- چەندین جار لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیرکراوە، لە ساڵی 2000 بە تۆمەتی دژایەتیکردنی ئەو رژێمە دەستگیرا و 15 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا، دواتر لە ساڵی 2002 بە لێبووردنی گشتی ئازاد کرا.
- ساڵی 2004 بە ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور دیاریکرا.
- لە ساڵی 2004 لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دەستگیر کرا بە تۆمەتی پشتیوانیکردنی هێزەکانی مقاوەمەت.
- لە ساڵی 2006 بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرا و تاوەکو ساڵی 2009 بەردەوام بوو، دوو ساڵ دواتر بە سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانی عەرەبی هەڵبژێردرا.
ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانەکەیدا ئەوەشی ئاشکرا کرد، هەموو رێوشوێنەکانیان بۆ کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەواو بوون و لەڕووی لۆجستی و یاسایی و هونەرییەوە هەموو ئامادەکارییەکان کراون؛ گوتیشی، "ئێمە ماوەیەکی زۆرە تەنانەت لەپێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەکاریمان دەستپێکردبوو".
رۆژی 10ی ئۆکتۆبەری 2021، هەڵبژاردن لە 83 بازنەی عێراق بەڕێوەچوو، 9 ملیۆن و 623 هەزار و 601 دەنگدەر دەنگیاندا، لەو ژمارەیە 775 هەزار و 576 دەنگ پووچەڵ بوون، 30ی تشرینی دووەم کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکابن ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری راگەیاند، رۆژی دووشەممە 27ی کانوونی یەکەمی 2021، دادگەی باڵای فیدراڵی هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراقی رەتکردەوە و ئەنجامەکانیشی پەسندکرد، رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی 2021، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق نارد، رۆژی 30-12-2021، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق رۆژی 09-01-2022ی دیاریکرد بۆ بەستنی دانیشتنی یەکەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
کورسیی لایەنەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق :
- رەوتی سەدر: 73 کورسی
- هاوپەیمانیی تەقەدووم: 37 کورسی
- هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: 33 کورسی
- پارتی دیموکراتی کوردستان: 31 کورسی
- هاوپەیمانیی کوردستان: 17 کورسی
- هاوپەیمانیی فەتح: 17 کورسی
- هاوپەیمانیی عەزم: 14 کورسی
- جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 9 کورسی
- ئیمتیداد: 9 کورسی
- ئیشراقەت کانوون: 6 کورسی
- هاوپەیمانیی تەسمیم: 5 کورسی
- بزووتنەوەی بابلیون: 4 کورسی
- هاوپەیمانیی قیوە دەولە: 4 کورسی
- هاوپەیمانی عەقدی نیشتیمانی: 4 کورسی
- هاوپەیمانیی جەماوەرمان ناسنامەمانە: 3 کورسی
-جووڵانەوەی حەسمی چاکسازی: 3 کورسی
-بەرەی تورکمانی: 1 کورسی
- ئەو حیزبانەی یەک کورسییان بەدەستهێناوە: 16 کورسی
- بەربژێرە تاکە کەسە سەرکەوتووەکان: 43 کورسی



.jpg&w=3840&q=75)