بەرپرسێکی عەتەبەی حوسێنییە: لە چلەی ئیمام حوسێن دا کەربەلا کرابووە مۆڵگەی سەربازی

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی سەنتەری کەربەلا بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی سەر بە عەتەبەی حوسێنییە رایگەیاند، پلانی خزمەتگوزاری و رێکخستنی رێوڕەسمەکانی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن خراپترین بووە و رەخنە لە بڵاوبوونەوەی چەکدارێکی زۆر لە کەربەلا دەگرێت. عەتەبەی حوسێنییەش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: "رای کەسیی خۆیەتی."
 
عەتەبەی حوسێنییە، کاروباری مەزارگەی ئیمامی حوسێن لە کەربەلا و دامەزراوەکانی پەیوەست پێوەی بەرێوەدەبات، راگەیێندراوێکی لەبارەی قسەکانی عەبدولئەمیر قورەیشی، بەڕێوەبەری سەنتەری کەربەلا بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە، یەکێک لە دامەزراوەکانی عەتەبەی حوسێنییە، بڵاوکردەوە.
 
عەتەبەی حوسێنی دەڵێت: "ئەوەی لەو بەرپرسەوە سەبارەت بە سەردانی چلەی شەهیدکردنی ئیمامی حوسێن گوتراوە بۆچوونی کەسیی خۆیەتی، رای ئێمە نییە کە رێز و پێزانیمان بۆ هەوڵە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان هەیە کە سەرجەم دامەزراوەکان خۆبەخشانە داویانە، سەرباری بەرزیی پلەی گەرما و هاتنی ملیۆنان زیارەتکار لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی جیهانەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئابی 2024، عەبدولئەمیر قوڕەیشی، بەڕێوەبەری سەنتەری کەربەلا بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە گوتاری کۆتاییهاتنی کۆنگرەی هەشتەمی نێودەوڵەتیی تایبەت بە زیارەتکارانی چلە، رایگەیاند: "ئەو کەموکوڕییانەی لە سەردانی ئەم ساڵدا هەبووە، نابێت بکرێتە پاساو بۆ ئەوەی شارەکە بکرێتە مۆڵگەی سەربازی و دیمەنی چەکداریی تێدا بڵاوببێتەوە، ئەمە لەگەڵ هاتن و بوونی هاووڵاتیی زیاتر لە 120 وڵاتی جیاواز پەیامی نەرێنیی لەبارەی دۆخی ئەمنیی و ناسەقامگیری لە وڵات نارد، جگە بەراورد بە ساڵانی رابردوو ئەم ساڵ پلانی خزمەتگوزاری و رێکخستن خراپترین بووە."
 
رۆژی یەکشەممە، 25ـی ئابی 2024، رۆژی چلەی شەهیدبوونی ئیمامی حوسێن بوو کە بۆ ئەم یادە لە وڵاتانی جیهانەوە شیعە مەزهەبەکان سەردانی عێراق دەکەن، وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەرکەوتنی پلانە ئەمنییەکەی راگەیاند، بەڵام لە کەربەلا ژمارەیەک شەڕ و تەقەکردن هەبوو و ناکۆکی لەنێوان خەڵک و بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی دروستبوو، لە دوو رووداوی جیاوازیشدا تەقەکردن لەو کەسانە هەبووە کە بە "خزمەتکارانی حوسێن" دەناسرێن و خواردن و خواردنەوە پێشکێش دەکەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە