رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانى پارێزگاى میسان 10 ئەندامى گرووپى قوربان-یان دەستگیرکرد کە گرووپێکى ئایینین و پۆلیس بە "لادەر" ناوى بردوون.
رۆژی 30-07-2024 فەرماندەیی پۆلیسی میسان لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى ئەو 10 ئەندامەى گرووپى قوربانى بڵاوکردەوە.
گرووپى قوربان کە بە عەلاهی ناسراون، گرووپێکى ئاینین و خۆیان بە شوێنکەوتووى عەلى کوڕى ئەبوتالیب چوارەم خەلیفەى موسڵمانان دەزانن، هەندێک لە ئەندامانی ئەو گرووپە خۆیان دەکوژن، گوایە لە پێناو عەلیدا قوربانی دەدەن.
پۆلیسی میسان رایگەیاند، ئەو گرووپە یەکێک لە شوێنەکانى نیشتەجێببوونى پارێزگاکەیان کردبووە حەشارگەى خۆیان و هەر 10 کەسەکە لە یەک خانوودا دەستگیرکراون.
لەفتە فاخر محەممەداوى، بەڕێوەبەرى پۆلیسی میسان دەڵێت: "ئەو گرووپە لادەرن و بەگوێرەى زانیارییەکانمان ئەندامەکانیان ئیمام عەلى دەپەرستن و ناو بە ناو تیروپشک لە نێوانیان خۆیان دەکەن و ئەوى ناوى دەربچێت دەکرێتە قوربانی بۆ ئیمام عەلى".
ئەو کەسانە بەگوێرەى مادەى 372ى یاسای سزادانى عێراقی دەستگیرکراون کە تایبەتە بە بیروباوەڕى لادەرى ئاینى، سزاکەى دەگاتە سێ ساڵ بەندکردن.
گرووپى قوربان لە پارێزگاى زیقار سەریهەڵداوە، میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەڵێت: "رێگە نادەین بە بڵاوبوونەوەى ئەو بزووتنەوە لادەرانە و داوا لە دامەزراوەکان دەکەین هەڵمەتى هۆشیارکردنەوەیان هەبێت لە دژى مەترسییەکانى ئەو جۆرە گرووپانە لەسەر کۆمەڵگە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ