رووداو دیجیتاڵ
دۆسیەی رێبین ستار، گەنجە ئاسنگەرەکەی خانەقین کە دوای نووسینی تابلۆی دوکانەکەی بە زمانی کوردی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیر و ئەشکەنجە درا، گەیەندرایە پەرلەمانی عێراق و لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانیش کۆبوونەوەی تایبەتی لەبارەوە کرد.
رێبین ستار، دوای ئەوەی دەنگی گەیشتە پەرلەمان، پێداگرە لەسەر وەرگرتنەوەی مافەکانی و رایگەیاند، سکاڵا لەسەر سەرجەم تێوەگلاوانی دۆسیەکەی تۆمار دەکات.
رێبین ستار، بەرووداوی راگەیاندا ، "بردیانم بۆ لای لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق و ئەوانیش هاوسۆز بوون لەگەڵمدا. هەموو دۆسیەکەشم بە بەڵگەوە نیشاندان و بەڵێنیاندا ئەو کەسانەی تێوەگلاون بانگهێشت بکەن. منیش دەمەوێت بە رێگەی یاسایی مافی خۆم وەربگرمەوە، تاوەکو جارێکی دیکە بەرامبەر کەسی دیکە دووبارەی نەکەنەوە."
پەرلەمانتارانی کورد دۆسیەکەیان فەرامۆش نەکرد و کۆبوونەوەی تایبەتی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانیان لەبارەی دۆسیەکەوە رێکخست.
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە رووداوی رایگەیاند، "هەموو پێکهاتەکان گلەییان لە کاری هەندێک لە ئەفسەرەکانی دەزگا ئەمنییەکان هەیە کە بە هەمان سیاسەتی رژێمی بەعسی پێشوو مامەڵە لەگەڵ کەیسە ئەمنییەکاندا دەکەن. بۆمان دەرکەوت کە ئەمە یەکەم حاڵەت نییە و کۆمەڵێک حاڵەتی لەو شێوەیە روویداوە."
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، بڕیاردراوە لیژنەی ئاسایش و بەرگری دانیشتنی تایبەت رێکبخات و کۆمەڵێک راسپاردە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات بۆ ئەوەی چیتر توندوتیژی لە دەزگا ئەمنییەکان بەرامبەر هاووڵاتییان بەکارنەهێندرێت.
مەهدی تەقی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند، "لیژنەمان پێکهێناوە و هەفتەی داهاتوو بانگهێشتی تێوەگلاوانی ئەو دۆسیەیە دەکەین و لێکۆڵینەوە دەکەین. بۆمان روون دەبێتەوە کە چۆن و بۆچی لەکاتی لێکۆڵینەوەدا پەنایان بۆ بەکارهێنانی ئەشکەنجە بردووە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم حاڵەتە لە چەند دەزگایەکی دیکەی ئەمنیشدا دووبارە بووەتەوە و لیژنەکەیان لەم بابەتە بێدەنگ نابێت و هەفتەی داهاتوو رێکاری تووند دەگرنەبەر.
ئەمە یەکەمجار نییە گەنجی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەستگیردەکرێت و ئەشکەنجە دەدرێت. لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، لە شنگالەوە تا مەندەلی، بە هۆکار و بێ هۆکار، گەنجانی کورد رووبەڕووی گرتن و بێسەروشوێنکردن بوونەتەوە.

