رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئومێدم هەیە هەواڵی خۆش بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بگات." دەشڵێت، هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ ئەوەی بەغدا مووچە تێکەڵی بابەتە سیاسییەکان نەکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی ئایار، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری کۆبووەوە.
لە وەڵامی پرسارێکی زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لەبارەی مووچەوە، کە ئایا ئەم جەژنە بۆ مووچەخۆران دەکرێتە دوو جەژن؛ مەسرور بارزانی گوتی: " هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ ئەوەی بەغدا بابەتی مووچە بەهیچ جۆرێک تێکەڵی بابەتە سیاسییەکان نەکات. ئەوەی لەسەر هەرێم بووە، پابەندییەکانمان جێبەجێ کردوون. ئێستاش لەسەر بەغدا دەمێنێت بۆ ئەوەی ئەوانیش بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ بکەن و ئیشەڵڵا من ئومێدم هەیە کە هەواڵی خۆش بە هاووڵاتییان دەگات."
لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتی: "لەسەر ئەو بابەتە، هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەک لە بەغدا دەکرێت، لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان؛ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوت [لە لایەنی عێراقی] و کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن."
هەناردەی نەوتی کوردستان لە 25-03-2023وە بە بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیراوە و هێشتا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەکراوەتەوە. پێش ئەوە، رۆژانە 450 هەزار بەرمیل لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەرکرا. ئەوەش 0.5٪ـی هەناردەی نەوتی جیهانی پێکدەهێنا.
مەسرور بارزانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە بەغدا؛ لەگەڵ هەریەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و قەیس خەرعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق کۆبووەوە.
لەو بارەیەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "کۆبوونەوەکان باش بوون. ئەو کۆبوونەوانەی تائێستا هەمانبوون، باشن و ئیشەڵڵا ئومێدبەخشن و، هیوادارین ئێمە بتوانین هەواڵی خۆش بۆ هاووڵاتییان بگەڕێنینەوە. لەگەڵ هەموو ئەو بەرپرسانەی دانیشتنمان کردووە، هەموویان پشتیوانیی خۆیان دەربڕیوە. ئەو کێشانەی کە ماویشن، لەسەر ئەوانەش هەمووی قسەمان کردووە و میکانیزمی باش دانراوە بۆ چارەسەرکردنیان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ