رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، پلانێکی "مەترسیدار"یان بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکی دەزگاکە و "چەند ئەفسەرێکی باڵا" لە بەغدا پووچەڵکردووەتەوە کە لەلایەن گرووپێکی سەر بە "حیزبی بەعسی قەدەخەکراو"ـەوە داڕێژرابوو.
رۆژی هەینی، 12ـی حوزەیرانی 2026، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بە سەرپەرشتیی عەبدولکەریم بەسری، سەرۆکی دەزگاکە، هێزەکانیان لە بەغدا توانیویانە "پلانێکی تاوانکاریی مەترسیدار" پووچەڵ بکەنەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو گرووپەی لە پشتی پلانەکەوە بووە، شانەیەکی پەیوەندیدار بە "کۆمەڵەی نیشتمانیی عێراقی بۆ رزگاری و گۆڕان" بووە، کە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی وەک یەکێک لە "پاشکۆکانی حیزبی بەعسی قەدەخەکراو" ناوی بردووە.
دەزگاکە دەڵێ: "پووچەڵکردنەوەی پلانەکە دوای هەوڵێکی هەواڵگریی چڕ و چاودێری و دزەکردنە نێو گرووپەکە" بووە.
ئامانجەکان کێ بوون؟
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئەندامانی ئەو شانەیە قۆناخی "هاندان و هەڕەشە"ـیان تێپەڕاندووە و گەیشتوونەتە قۆناخی "ئەرک سپاردن و دیاریکردنی ئامانجەکان و دابینکردنی چەک بۆ جێبەجێکردن".
پلانەکە بەو جۆرە بووە ئەم کەسانە تیرۆر بکرێن:
-عەبدولکەریم بەسری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق
-گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی
-بەڕێوەبەری ئاسایشی بەغدا
-ژمارەیەک ئەفسەری دیکەی دەزگاکە
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوە کردووە کە بە پشتبەستن بە رەزامەندیی دادوەر، توانیویانە شوێنپێی ئەندامانی شانەکە هەڵبگرن و پێش ئەوەی بگەنە قۆناخی جێبەجێکردن، تۆمەتبارەکان دەستگیربکەن و دەست بەسەر بەڵگەنامە و ئەو چەکانەیشدا بگرن کە بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکرابوون.




