پەرلەمانی عێراق رۆژی دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجە دیاری دەکات

30-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانى عێراق دەنگدان بە هەموارى یاساى بودجەى گشتى دەخاتە خشتەى کۆبوونەوەى 2ى شوبات، کە تایبەتە بە شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان.
 
خشتەى ئەو کۆبوونەوەیە، چوار بڕگەیە کە یەکەمیان دەنگدانە لەسەر هەموارى یاسای بودجەى گشتى. 
 
هەموارەکە لە مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
 
دیاریکردنى رۆژى دەنگدان لەسەر هەموارى یاساى بودجەى گشتى دواى ئەوە بوو کە 29ى کانوونى دووەم، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکى فراکسیۆنەکانى پەرلەمان کۆبووەوە، رێککەوتن دەنگ لەسەر ئەو هەموارە بدرێت بە گوێرەى ئەو داڕشتەیەى کە لە حکومەتەوە نێردرابوو. 
 
بڕیاربوو لە کۆبوونەوەى 21ـی کانوونى دووەمى 2025، پەرلەمان دەنگ لەسەر هەموارى یاساکە بدات، بەڵام بەهۆى ناکۆکى دواخرا.
 
لیژنەى دارایی پەرلەمان پێشنیازێکى بۆ ئەو هەموارە زیادکردبوو، کە حکومەت پێى رازى نەبوو، هەندێک لە پەرلەمانتارانى پارێزگاکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراقیش داوایان کرد، لە بەرامبەر دەنگدان بە هەموارەکە پشکى پارێزگاکانیان لە بودجە زیاد بکرێت.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "دەنگ لەسەر ئەو داڕشتەیە دەدرێت کە حکومەت ناردوویەتى و لە قۆناخى دەنگداندا پێشنیازى دیکەى بۆ زیاد ناکرێت."
 
سێ بڕگەکەى دیکەى کۆبوونەوەکەى پەرلەمان تایبەتە بە دەنگدان بە پێشنیازەیاساى هەموارى هاوتاکردنى بڕوانامە عەرەبی و بیانییەکان، لەگەڵ پەسندکردنى راسپاردەیەک بۆ وەزارەتى دارایی بۆ دووبارە کارکردن بە سيستمى پەڕینەوە (عبور) لە خوێندندا.
 
هەروەها بڕگەى چوارەمى کۆبوونەوەکە تایبەتە بە خوێندنەوەى دووەمى پێشنیازەیاساى خوێندنى باڵاى ناحکومی.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 فڕۆکەیێکی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە.

لە سبەیەوە هێڵی ئاسمانیی عێراقییە گەشتەکانی بۆ لوبنان زیاد دەکات

کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، لە سبەیەوە گەشتەکانی بۆ لوبنان زیاد دەکات، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان.