عەممار حەکیم: چاوەڕوانین پێنجشەممە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلابکرێتەوە

29-10-2024
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە رایدەگەیێنێت، خەریکە عێراق لە قەیران رزگاری دەبێت. هەروەها زمان و تێگەیشتنێکی هاوبەش هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی کە لەلایەن کورد و شیعە و سوننەوە پێشکێش کراون. 
 
لە پانێڵێکدا لە دیداری مێری لە هەولێر لەبارەی "عێراق و بنیاتنانی دەوڵەت لەنێو پەرەسەندنی داینامیکیی سیاسی،" سەرۆکی رەوتی حیکمە رایگەیاند، قسەم بۆ عێراق و تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراقی ئەوەیە کە "ئێمە پێشدەکەوین، دەبێ بەهای دەستکەوتەکانمان بزانین و کار بکەین بۆ ئەوەی دەستکەوتی زیاترمان هەبێت."
 
عەمار حەکیم هەروەها ئاماژەی بە کاردانەوە ئەرێنییەکان بۆ حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی کرد کە تەمەنی بووە سێ ساڵ. لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش رایگەیاند، "رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەک دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران و هیوادارین ئەم بابەتە یەکلایی بکرێتەوە کە زیاتر لە ساڵێکە بە بەتاڵی ماوەتەوە."
 
لەبارەی دۆخی عێراقەوە، سەرۆکی رەوتی حیکمە گوتی، "ئێمە 70 ساڵە لە دۆخی جەنگی بەردەوامداین و لە قەیرانی بەردەوامداین و لە قەیرانێکەوە بۆ قەیرانیکی دیکەدا تێدەپەڕین. لەوەتەی دەسەڵاتی پاشایەتی رووخا، عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە. لە قەیرانێکەوە بۆ قەیرانی دیکە دەچین. بۆیە ئێمە وەک نەخۆشێک واین، نەشتەرگەریی کردووە و لە نەخۆشخانە دەرچووە و کەسوکارەکانیشی دڵخۆشن و دیاری بۆ دەکڕن، بەڵام لە کاتێکدا ئەو هێشتا نەخۆشە و پاڵکەوتووە و تەواو چاک نەبووەتەوە. هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی مرۆڤێکی تەواو تەندروست."
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکان لەگەڵ عەممار حەکیم:
 
عەممار حەکیم: زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە خزمەت بەڕێزاندام لە شاری هەولێری خۆشەویست و لەم کۆڕبەندە فیکرییە ناوازەیەدا ئامادە و بەشدارم کە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی خەمی گشتیی عێراقی و پرس و باسە گرنگە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکەین. سەرەتا دەمەوێ پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان بکەم بە سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن کە خەڵک زۆر بەفراوانی تێیدا بەشداربوون و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی فیدراڵی خۆی سەرپەرشتی کردبوو. لە راستیدا لە نزیکەوە چاودێری هەڵبژاردنەکەمان کرد بە هەموو شەفافییەت و رێکخستنی باش و هەنگاوە گرنگەکانی و ئەو کێبڕکێیە گەورەیەی لایەنەکان تێیدا کرا. لەپاڵ ئەمەشدا زۆر دڵخۆش بووین بەو رێژە زۆرەی بەشداربوونی خەڵک لە هەڵبژاردنەکەدا. ئەمەش رێگە خۆشدەکات بۆ سەقامگیری سیاسیی دوای قۆناخی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کە هاوکات رەنگدانەوەی لەسەر سەقامگیری سیاسییش دەبێت لەسەر ئاستی وڵاتدا. هیوادارین لە کۆتایی ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردنێکی هاوشێوەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بین. 
 
پرسیار: تەوەری یەکەمی گفتوگۆکەمان پەیوەندی بە بونیاتنانی دەوڵەتە لە عێراق و دینامیکییە سیاسییەکانی. بۆچوونی بەڕێزتان چییە بۆ بونیاتنانی دەوڵەت، خوێندنەوەتان بۆ سیستمی سیاسیی لە عێراق چییە، بەپێی سەرجەم ئەنجام و لێکەوتەکانییەوە لە دوای 2003 تاوەکو ئێستا؟ ئایا عێراق گەیشتووەتە ئاستی بونیاتنانی دامەزراوەیی و کۆڵەگەکانی دەوڵەتی پێکهێناوە؟ گرنگترین بەربەست و ئاڵنگارییەکان چین کە رووبەڕووی پرۆسەکە بووەتەوە؟ 
 
عەممار حەکیم: گومان لەوەدا نییە، بونیاتنانی دەوڵەت پێویستی بە ژینگەیەکی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتیی و ئەمنی و ئابووری هەیە. هەمووان دەزانین دەیان ساڵە عێراقییەکان ئەم سەقامگیرییەی ئێستایان نەبینیووە. هەمیشە رووبەڕووی قەیرانەکان دەبووینەوە، قەیران دوای قەیران و کێشە دوای کێشە. دوای رووخانی دیکتاتۆرییەت و سەرهەڵدانی سیستمی دیموکراسیی لە 20 ساڵی رابردوودا، هەموو جۆرە تیرۆرێکمان بینی بە ناو و ناوەڕۆکە جیاوازەکانیانەوە. کێشەی تایفەگەریمان بینی، پێکدادانی کۆمەڵایەتیی بەو شێوازەی کە وڵاتەکەمان لەنێوخۆیدا بەسەریدا تێپەڕی. دەتوانم بڵێم، لە دوو ساڵی رابردوودا لە ناو ئەو قەیران و کێشانەدا دەرچووین و ئەمجارە چووینەتە ناو قۆناخی سەقامگیری و ئارامییەوە، دوای ئەوەی قۆناخێکی دوور و درێژمان تێپەڕاند لە ناسەقامگیری و نائارامیدا. بۆیە زۆر بەخێرایی ئاماژەکانی بونیاتنانی دامەزراوەیی دەوڵەت بوون و گەشەی خێرای لە کەرتە جیاوازەکاندا دەبینرێت. تێبینی ئەوەشمان کرد لەسەر ئاستێکی قبووڵکراودا سەقامگیری سیاسی بەدی دەکرێت. لەپاڵ ئەویشدا سەقامگیری کۆمەڵایەتییش هەستی پێدەکرێت و کۆمەڵگەش لەگەڵ خۆیدا ئاشت دەبێتەوە دوای ئەوەی بەگژ یەکدیدا دەچوونەوە و پێکداداکانیان هەبوو. لە رووی ئابووریشەوە پڕۆژەکانی ئاوەدانی و گەشەپێدان بەرجەستە دەکرێت. پرۆسەی بیناسازی بەشێوەیەکی روون لەسەر هەموو ئاستێکدا دەبینرێت. دۆخی ئەمنی لەژێر کۆنترۆڵدایە و هیچ ئاڵنگارییەکی مەترسیداری بەرجەستە ناکرێت، کێشەی بچووک و پێشێلکاری ئەمنی لە ناوچە دوورەدەستەکاندا هەیە کە دەکرێ کۆنترۆڵ بکرێت. پێشتر دۆخی ئەمنی لە دۆخی پەرچەکردار و کاردانەوەکاندا بوو. دەستپێشخەری بەدەست تیرۆر بوو و ئێمەش کاردانەوەمان دەبوو، بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە جیاوازە، ئێمە دەستپێشخەری دەکەین و تۆڕەکانی تیرۆر هەڵدەوەشێنینەوە و لەناویان دەبەین و بەر لەوەی تیرۆر دەستبکاتەوە، ئێمە پێیان دەگەین و کردەوەکانیان پووچەڵ دەکەینەوە و بەئامانجیان دەکەین. وای لێهاتوو هەفتانە گوێمان لە ئۆپەراسیۆنی گەورە دەبێت، شانە نهێنییەکانی تیرۆر دەکرێنە ئامانج. ئەم پێشکەوتنە گرنگە لەگەڵ کرانەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی و قبووڵکردنی عێراق بۆ نێو ژینگەی هەرێمی و نێودەوڵەتی ئاماژەی دڵخۆشکەرن بەوەی دەتوانین زۆر بەخێرایی هەنگاو بنێین بۆ ئەوەی خۆمان لەگەڵ پێشهاتەکاندا بگونجێنین و بنەماکانی دەوڵەت تۆکمە بکەین. 
 
پرسیار: بەڕێزتان ئاماژەتان بەوەدا دەوڵەت پێویستی بە کۆڵەگەی بەهێز هەیە بۆ بونیتنانی دەوڵەت. ئایا هیچ بەربەست و ئاڵنگارییەک لەبەردەممان نەماوە؟ ئایا تۆ رازیت بەو دەستکەوتانەی ئێستا هەن بۆ گەلی عێراق؟ هەمووان دەرک بەوە دەکەین جاروبار و لە چەندین قۆناخدا بینیمان دەستوەردان لەنێو کاروباری سێ دەسەڵاتەکەدا دەکرێت کە هەندێکجار دەرەکی و هەندێکجاریش بەهۆی ناکۆکییە نێوخۆییەکانەوە دەکرێت. ئەمانە هۆکار بوون بۆ دواخستنی بونیاتنانی دەوڵەت. گرنگترین ئەو کێشانە چین کە بوونەتە بەربەست بۆ بونیاتنانی دەوڵەتێکی راستەقینە؟ هەندێک جار بڕیار لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەدرێت؟ بۆچی ئەم دۆخە لە عێراق بەردەوامە؟ 
 
عەممار حەکیم: ئەگەر بێت و خاڵە نەرێنییەکان بژمێرین، سەدان و هەزارانی لە واقیعی عێراقیدا دەژمێرین، بەڵام پێموایە کاتێک هەڵسەنگاندن بۆ تابلۆی عێراق دەکەین، بەمشێوەیە هەڵسەنگاندنی دەکەین کە عێراق لە کوێ بوو چی بەسەرهات و ئێستا لە چ قۆناخێکدایە و کارەکانی بەکوێ گەیشتوون. عێراق بەراورد بەو وڵاتانە دەکەین کە بەهەمان دۆخی ئێمەدا تێپەڕبوون، چونکە ئێمە 70 ساڵە لە دۆخی جەنگی بەردەوامداین و لە قەیرانی بەردەوامداین و لە قەیرانێکەوە بۆ قەیرانیکی دیکەدا تێدەپەڕین. لەوەتەی دەسەڵاتی پاشایەتی رووخا، عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە. لە قەیرانێکەوە بۆ قەیرانی دیکە دەچین. بۆیە ئێمە وەک نەخۆشێک واین، نەشتەرگەریی کردووە و لە نەخۆشخانە دەرچووە و کەسوکارەکانیشی دڵخۆشن و دیاری بۆ دەکڕن، بەڵام لە کاتێکدا ئەو هێشتا نەخۆشە و پاڵکەوتووە و تەواو چاک نەبووەتەوە. هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی مرۆڤێکی تەواو تەندروست. ئەگەر پرسیار لەوە بکەین بۆچی نەگەیشتووینەتە ئاستی خوازراو یان بۆچی ئەمەمان نەکردووە؟ دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین کە بە چەندین کێشەی قورس و ئاڵۆزدا تێپەڕیوین، بەڵام ئەو رێڕەوەی گرتوومانەتەبەر وەک گوتم لە قەیران و کێشەکانمان رزگارمان بووە و ئیدی هەنگاو بە هەنگاو خۆمان رێک دەخەینەوە و بەرەو باشتر هەنگاو دەنێین. هەرچەندە دۆخی سەقامگیری بەردەوام بوو و بۆ سەقامگیریی هەمیشەیی، هێندەی دیکە خەڵک هەستی ناسەقامگیری وەلا دەنێت و هەست بە سەقامگیری تەواو دەکەن. لە دۆخی ناسەقاگیریدا گرووپە چەکدارەکان، ناوچەگەری و پاڵپشتی لایەنێک رەنگە هاووڵاتییەکان بپارێزێت، ئیدی هاووڵاتییان بەرژەوەندییەکانیان بەم گرووپ و ناوچەیە گرێ دەدەن، بەڵام هەرچەندە دۆخەکە هێور ببێتەوە و ئارامی و سەقامگیری باڵی بەسەر تەواوی ناوچەکەدا بکێشێت، ئەوسا بەرژەوەندییەکانی دەخاتە پاڵ دەوڵەت. پرۆسەی گواستنەوەی بەرژەوەندییەکان بە شەو و رۆژێک و لەناکاو روونادات، بەڵکو پێویستی بە چارەسەربوونی قۆناخ بە قۆناخ دەبێت. بۆیە هەست دەکەم ئێمەش بە ئاراستەی دروستدا دەڕۆین و دەبێ سووربین لەسەر رۆیشتن و هەنگاونان بەم ئاراستەیە و خۆڕاگر و ئارامگر بین بۆ وەلانان و نەهێشتنی کێشەکان. دوێنێ ئاڵنگاری و قەیرانی زۆر گەورەمان هەبوو، کەچی ئەمڕۆ خەریکە لەناو بچێت. ئەمڕۆش هەندێک ئاڵنگاری هەن، هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا نەمێنن. 
 
پرسیار: زۆربەی پانێڵیستەکان ئاماژەیان بە بۆشایی دەستووریدا بەتایبەتی لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران کە چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێکار و نوێنەرایەتی هەموو رەنگ ودەنگی عێراق دەکات، بەڵام ماوەیەکی زۆرە بێ سەرۆک ماوەتەوە ئەم دامەزراوە هەستیارە. لە کاتێکدا کاریگەری دەخاتە سەر رۆڵە گرنگ و هەستیارەکەی. لەلایەکی دیکەوە زۆربەی دامەزراوە فیدراڵییەکانی دیکەی عێراق هێشتا تەواو نەکراون. چوارچێوەی هاوئاهەنگی چۆن سەیری ئەم دۆخە دەکات؟ ئایا هیچ بەرنامەیەکی هەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان بۆ نموونە نزیکەی 50 مادەی دەستوور جێبەجێ نەکراوە لە کاتێکدا پێویستیان بە یاسا هەیە بۆ جێبەجێکردنی. ئایا کێ بەرپرسیارە؟ عێراقییەکان تا کەی چاوەڕێی دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی دەبن؟ 
 
عەممار حەکیم: سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە راستیدا جموجوڵێکی گەرم و کێبڕکێیەکی خێرا هەیە لەنێوان هێز و لایەنە سوننییە بەڕێزەکان. هەر لایەنێکی ئەمانە لۆژیک و بەربژێری تایبەتی خۆیان هەبووە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران. ئەم جموجوڵی هێز و لایەنە بەڕێزانە بە ئاراستەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هێزە کوردییەکانیشدا چوون و داوای پشتیوانییان دەکرد. ئەم لێکترازانە لەناو گۆڕەپانی سیاسیی لایەنە سوننییە بەڕێزەکان رەنگدانەوەی بۆ سەر گۆڕەپانی شیعە و کوردیش دروستکرد. ئەوانیشی دابەش کرد. لەناو خودی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا هێز هەیە پاڵپشتی لە لایەنێک دەکات و هێزی دیکەش هەیە پشتی لایەنێکی دیکە دەگرێت. کوردەکان هەمان شت. ئەمەش وایکرد، پرۆسەکە بە رێژەیەک درێژە بکێشێت، بەڵام وەک ئێوەش دەزانن، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەک دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران و هیوادارین ئەم بابەتە یەکلایی بکرێتەوە کە زیاتر لە ساڵێکە بە بەتاڵی ماوەتەوە. سەبارەت بە هەندێک یاسای دواکەوتوو و هەندێک لە هەنگاوە جیاوازەکان، لە راستیدا هاوکێشەیەک هەیە کە لەسەر بنەمای سەقامگیریی سیاسیی دامەزراوە. ئەگەر سەقامگیریی سیاسیت هەبێت، سەقامگیریی ئەمنیت بۆ بەرجەستە دەکات. ئەگەر سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیت هەبێت، گەشەی ئابووری فەراهەم دەکات. ئەگەر سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و ئابووریت بەدیکرد، خۆشگوزەرانی و تەبایی کۆمەڵایەتی و ئینتیمای خەڵکی بۆ نیشتمان و نیشتمانپەروەری زیاتر دەبێت. کاتێک ئەمانە بەدی دەکرێت و وڵات خۆی رێکدەخاتەوە، ئەوسا کرانەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتیی دەبێت. کاتێک وڵاتانی جیهان ئەم فاکتەرە گرنگانە دەبینن، وەبەرهێنانی تێدا دەکەن و بەرژەوەندییەکان فراوانتر دەبێت. ئیدی ئەمانە زنجیرەی بەیەکدی گرێدراون. رەنگە خەڵک گرنگی و بایەخی سەقامگیریی سیاسی نەزانن، خەڵک دەڵێن، "چی لە سیاسەتڤانان بکەین؟ بەمە چی ئەگەر لێکتێنەگەیشتنیان نەبێت و لەگەڵ یەکدیدا تەبا نەبن، ئێمە چاومان لە خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانییە، ئابوورییەکی گەشەسەندوومان دەوێت." ئەمە وەک نموونەی کەسێک وایە بە فڕۆکە لە وڵاتێکەوە دەگەڕێتەوە خاکی خۆی. کەسوکارەکەی پرسیاری لێدەکەن: "گەشتەکەت چۆن بوو؟" ئەویش دەپرسێت مەبەستت چییە گەشتەکەم لە فڕۆکەدا چۆن بوو؟ پێی دەڵێت: "کورسییەکەت باش بوو، خواردن و خواردنەوەکەت باش بوو، داواکارییەکانت جێبەجێ دەکران؟" ئەویش دەست بە پەسنکردنی دەکات و دەڵێت: "هەموو شتێک باش هەموو شتێکیان بۆ کردم و خواستەکانیان بۆ جێبەجێ کردم" هەموو شتێکیان بۆ کرد تەنیا فڕۆکەوانەکەی نەبینی. ئەو پێیوایە گرنگ نییە فڕۆکەوانەکە ببینێت چی دەکات و چی ناکات. باشە ئەگەر هەموو ئەم خزمەتانەت بۆ بکرێت، بەڵام لە ئاسماندا، فڕۆکەوان تووشی جەڵتەی دڵ بوو و گیانی لەدەستدا، چ بەهایەکی ئەم خزمەتانە دەمێنێت ئەگەر فڕۆکەوانێک نەبێت گیانت رزگار بکات. پرۆسەی سیاسی، سەقامگیریی سیاسی، لێکتێگەیشتنی لایەنە سیاسییەکان، بریتییە لە دۆخی وڵات کە سیاسەتڤانەکان نوێنەرایەتییان دەکەن. ئیدی سیاسەتڤانەکان بەشێوەیەک لە شێوەکان نمایندەی خواست و هیوای چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەکەن. بۆیە بوونی زمانی هاوبەش لەنێوان سیاسەتڤانان، بوونی سەقامگیریی سیاسی لە وڵاتدا، دەکرێ ببێتە کلیلی چارەسەریی بۆ سەرجەم کێشەکان.
 
یاسای نەوت و گاز، یان ئەنجوومەنی فیدراڵی، یاخود هەر یاسایەکی دیکە. دەبێ بزانین بەربەستەکە پەرلەمانتارانن کە دەبێ کۆببنەوە و دەست بەرزبکەنەوە یان بزانین فەلسەفەی یاساکە چییە؟ با باسی یاسای نەوت و گاز بکەین. فەلسەفەی داڕشتنی بڕگە و مادەکانی ئەم یاسایە چییە و چۆنە؟ چۆن بەشێوەیەکی دادپەروەرانە سامانی وڵات دابەش بکەین؟ ئێمە وڵاتێکین 94٪ی داهاتمان پشت بە نەوت دەبەستێت. چۆن مامەڵە لەگەڵ نەوت بکەین؟ مافی پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان چییە لەم یاسایە؟ چۆن ئەم یاسایە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی رێکبخرێت؟ رێکخستنی ئەم فەلسەفانە کاتی پێویستە نەک داڕشتنی مادە و بڕگەکانی. فەلسەفەی یاسا و بنچینەکانی کارپێکردنی گرنگتر لە مادە و بڕگەکانی. ئەنجوومەنی فیدراڵی، ئایا نوێنەرانی پارێزگاکان لەخۆبگرێت یان ئەنجوومەنی کەسایەتییەکان بێت؟ ئایا کەسایەتییەکان کۆمەڵایەتیی بن یان سەرکردە پێشووەکان؟ سەرکردە و سیاسەتڤانەکان کێ بن، سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان بن یان پەرلەمانتارەکان؟ یان کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکان بێت یاخود کەسایەتییە بەناوبانگەکانی نێو کۆمەڵگە بن؟ دەبێ گفتوگۆ لەبارەی ئەم فەلسەفەیە بکرێت. کاتێک ئەم فەلسەفەیە کۆتاییان پێهات، داڕشتنەوەی یاساکە زۆر ئاسان دەبێت و ئەوەی دەمێنێتەوە پەسندکردنی دەبێت لە پەرلەمان. بۆیە سەرجەم بابەتەکان پەیوەندییان بە لێکتێگەیشتنی سیاسییەوە هەیە بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسیی دابمەزرێنێت کە سەقامگیری سیاسیی بەدی دەکات کە بەهۆیەوە دەبێتە سەرەتایەکی گرنگ بۆ سەرجەم زنجیرە یەک بەدوای یەکەکانی دیکە. 
 
پرسیار: بەڕێزتان ئاماژە بە لێکتێگەیشتن دەکەن، بەڵام دەقی دەستوور روون و ئاشکرایە. مادەی 112 دوو بڕگەی هەیە و باس لە مافی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەکات. هەمان شت بۆ ئەنجوومەنی فیدراڵی، دەقی نووسراو هەیە جەخت لەوە دەکاتەوە باس لەوە دەکات، هەرێم و پارێزگاکان تێیدا نوێنەرایەتیی دەکەن نەک پەرلەمانتار و کەسایەتیی کۆمەڵایەتی.
 
عەممار حەکیم: قسەیەک هەیە دەڵێت: "ئەهریمەن لەناو ناوەڕۆکەکاندایە" هاهاهاها، لەیەکەم نیگادا بۆت دەردەکەوێت دەقەکان روون و رەوان و راست و دروستن، بەڵام کاتێک رادەستی پسپۆڕ و کەسە هونەرییەکان دەکەیت، خوێندنەوە و شیکاری جیاوازی پێ دەدەن و تێڕوانین و دید و بۆچوونی دژبەیەک تێیدا دروست دەبێت. بۆیە دادگەی فیدراڵیمان هەیە کە رۆژانە دەیان سکاڵای پێدەدرێت لەبارەی تانەلێدان و شیکردنەوە بۆ مادە و بڕگەیەک و دەقێکی دەستووری کە پێمانوایە روونە، بەڵام بە زمانی پسپۆڕ و شارەزایان هەمان روونی و زەلالی نییە. 
 
پرسیار: چەند رۆژێک پێش ئێستا سێیەمین ساڵیادی حکومەتی بەڕێز سوودانی بوو، تەمەنی حکومەتەکەی ئێستا سێ ساڵە، هەڵسەنگاندنتان بۆ حکومەتی بەڕێز سوودانی چییە؟ ئایا چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە کاری ئەم حکومەتە رازین؟ 
 
عەممار حەکیم: لە راستیدا کەس کامڵ نییە، بەڵام کاتێک بەراوردی ئەو دۆخانە دەکەین کە حکومەتی بەڕێز سوودانی پێیدا تێپەڕی، کە باس لە کەسایەتیی سوودانی دەکەین، خۆی کەسێکی کارگێڕە. توانای کردار و دەستکەوتی هەیە. هەروەها ئەو ژینگەیەی لە سەردەمی ئەم حکومەتەدا هاتە ئاراوە، لە دەرەوەی تواناکانی بەڕێز سوودانییە. ئەم سەقامگیرییە سیاسیی و ئەمنییە و دۆخی ئابووری وڵات و ژینگەی هەرێمی هاندەر و پاڵپشتیکارە هەمووی کەڵەکەبووی حکومەتەکانی پێشووترن و ژینگەیەکیان بۆ حکومەتی سوودانی پێکهێنا. دەرەنجام، ئەو خزمەتگوزارییانە و گەشەی ئابووری و گەشەپێدانەی بەدیکراوە بەراورد بە حکومەتەکانی رابردوو زۆرتر بەدی دەکرێت. بۆیە لەسەر ئاستی جەماوەریدا رەزامەندی هەیە کە لە حکومەتەکانی پێشوودا ئەمانە بەدی نەدەکرا. هەموو ئەمانە دەستکەوتی گەورەن بۆ هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە ئامێزگری سەرەکییە بۆ ئەم حکومەتە و هەموو ئەو لایەنانەی تێیدا بەشدارن. ئەمەش بە مانای ئەوە نایەت کە تێبینی لێرە و لەملاوە نەبێت یان کێشەیەکی نەبێت، ئەمە شتیکی سرووشتییە، بەڵام کاتێک سەیری دەرەنجامەکە دەکەیت، پێمانوایە هەنگاوی جدی بۆ پێشەوە نراون کە هاووڵاتیی چاوی لێیەتی لە خزمەتگوزاریی و بابەتە جیاوازەکانەوە. هیوادارین بەم ئاستە بەرز و ئەرێنییە بەردەوام بێت. 
 
پرسیار: بەپێی چەند راپرسییەک کراوە، بە تێکڕا 70٪ی شەقامی عێراقی، رازین بە کارەکانی بەڕێز سوودانی. لە بەرامبەردا ئاستی رەزامەندیی لە لایەنە سیاسییەکان کەمترە. هۆکاری ئەمە چییە؟ ئاستی رازیبوونی جەماوەری نابێتە پاڵنەرێک بۆ بەڕێز سوودانی لەپێناو خۆ بەربژێرکردنی لە هەڵبژاردنی داهاتوو؟ ئەگەر خۆی بەربژێر کردەوە، رەوتی حیکمە چی دەکات؟ 
 
عەممار حەکیم: لە راستیدا وەک بەرێزت ئاماژەت پێدا، ئاستی رەزامەندیی شەقامی عێراقی بۆ کاروباری بەڕێز سوودانی لە ئاستێکی هێندە باشدایە کە پێشتر بۆ کەس نەگونجاوە و نەلواوە کە بگاتە 70٪، بەڵام هەمان راپرسییەکان ئاماژەیان بە ئاستی رەزامەندی شەقامی گشتیدا بۆ لایەنە سیاسییەکان و رێژەکەش گەیشتە سەرووی 45٪ ئەمەش ئاستێکی باشە. هەمیشە سەرۆکوەزیرانێک کە قردێلەی پڕۆژەکان بە مەقەسێک دەبڕێت و بەردەوام لەبەردەم کامێراکاندایە خەڵک باشتر چاو دەخەنە سەر دەستکەوتەکانی، بەڵام هێزە سیاسییەکان کە پێشتر کەوتبوونە بەر توڕەیی خەڵک و بەهۆیەوە خۆپێشاندانەکانی تشرینی لێکەوتەوە کە رەخنەی لە تەواوی لایەنە سیاسییەکان و پرۆسەی سیاسی دەگرت و هاندانێک لە دژی لایەنە سیاسییەکان بەدی دەکران. خەڵکی زۆربەی نەنگی و کارە نەرێنییەکانی دەخستە ئەستۆی لایەنە سیاسییەکان بەراورد بەم راپرسییانەی کە ئاستی رەزامەندی گەیاندە 45٪، خۆم بە دەستکەوتێکی گەورەی دەبینم. بۆیە سەرکەوتنی حکومەت، متمانەی خەڵک بۆ لایەنە سیاسییەکان بەهێزتر دەکات. هەروەها متمانەی خەڵک بە لایەنە سیاسییەکان و پشتیوانیکردنیان دەبێتە هۆی ئەوەی حکومەتی بەهێزتر و کاراتر بێتەکایەوە. ئیدی بەمشێوەیە یەکدی تەواوکردنی حکومەت و لایەنە سیاسییەکان دەگاتە قۆناخێکی زۆر زۆر گرنگ. 
 
پرسیار: لە سەردەمی حکومەتەکانی پێش حکومەتی بەڕێز سوودانی، خەڵک پێیان وابوو عێراق لەلایەن دەوڵەتی قووڵەوە بەڕێوەدەبرێت، بۆیە حکومەتەکانی پێشوو شکستخواردوو بوون. ئایا حکومەتی بەڕێز سوودانی کە هەرچەندە فراکسیۆنی سیاسیی خۆی نییە و بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات، ئیدی دەستوەردانی هەرێمی و دەرەکی نایگرێتەوە؟ 
 
عەممار حەکیم: ئەگەر باس لە دەوڵەتی قووڵ بکەین، دەبێ شیکردنەوەی بۆ بکەین کە دەوڵەتی قووڵ مانای چییە؟ ئەگەر دەوڵەتی قووڵ ئەو هێزە سیاسییە ئامێزگرە بێت بۆ حکومەت وەک هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ئەمە کارێکی راست و رەوایە و لە سەرجەم سیستمە پەرلەمانییەکاندا حکومەت هەڵقوڵاوی لایەنە سیاسییەکانە. خەڵک دەنگ بە دەسەڵاتدار نادەن. سیستمی ئێمە سەرۆکایەتی نییە، بۆیە خەڵک دەنگ بە لایەنە سیاسییەکان دەدەن. ئەم هێزە سیاسییانە فراکسیۆنی پەرلەمانی پێکدەهێنن و لەنێوخۆیان رێکدەکەون و سەرۆکی حکومەت هەڵدەبژێرن. بۆیە حکومەت هەڵقوڵاوی ئەم لێکتێگەیشتنانەی هاوپەیمانییە سیاسییەکانە. یەکەم جارە هاوپەیمانییەک پێکبێت کە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە، کە تەنیا چوارچێوەی هاوئاهەنگی نییە بەڵکو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، خۆی ئامێزگری حکومەتی بەڕێز سوودانییە کە بە دەنگی 280 پەرلەمانتار پێکهات. ئەگەر مەبەست لە دەوڵەتی قووڵ، کەسایەتی و بەرپرسی باڵا و دامەزراوەی جیاواز بێت کاریان تێکدان یان ئاسانکردنی کارەکان بێت، پێموایە عێراق زۆر لەمە گەورەترە کە لەیەک سەرچاوەوە دەستی بەسەردابگیرێت. ئەزموونەکانی پێشتریش سەلماندی کە بەشێک لە سەرۆکوەزیرەکان کاتێک چەند کەسێکیان لە پۆستێکی تایبەتدا دامەزراند بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان بەهێز بکەن و ویستیان دەسەڵاتیان فراوانتر و بەهێزتر بکەن لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بینیمان بۆیان نەچووەسەر، چونکە دامەزراوەکان لە کەسەکان گەورەتر و بەهێزترن. 
 
پرسیار: پێتانوایە عێراق دەوڵەتێکی مەرکەزییە یان دەوڵەتێکی فیدراڵییە؟ 
 
عەممار حەکیم: گومان لەوەدانییە، سیمای ئەو دەوڵەتەی پێکمان هێناوە بە روونی لامەرکەزییەتی کارگێڕییە. ئێمەش ئەو هێزەین باوەڕی تەواومان هەیە و لە داڕشتنی دەستووریشدا بۆ چەسپاندنی ئەم بنەمایە شەڕمان کرد، بەڵام روونە مێژووی دەوڵەتی عێراقی مێژوویەکی مەرکەزییە و زۆربەی ئەوانەی لە باوەشی ئەم دەوڵەتەدا پێگەیشتن هەمان رێچکەی مەرکەزییەتیان گرتەبەر. هەروەها پێیان وابووە کە ئەمە بۆ بەرژەوەندیی عێراق باشترە. رەنگە هێزە سیاسییەکانیش لەم نێوەندەدا دابەش بووبن. هەندێک هێز هەیە سەرباری دەقی دەستووری کە باس لە لامەرکەزییەت دەکات، بەڵام چاوی لە مەرکەزییەت هەیە جا بە پاڵنەری نیشتمانپەروەری بێت یان پاڵنەرێکی دیکە. دەتوانم بڵێم بە هەنگاوی زۆر سست بەرەو لامەرکەزییەتی کارگێڕی پێشدەکەوین. بۆ ئەوەی یەکگرتوویی وڵات زامن بکات و لەلایەکی دیکەشەوە زامنی لامەرکەزییەتی کارگێڕی بکات. بەشێک لەم سستییە پەیوەندی بە هەندێک کرداری هەڵەوە هەیە. رەنگە بەشێک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق کە لە دەرەوەی هەرێمن، پێیان وابووبێت هەرێمی کوردستان لە هەندێک دۆخدا دەسەڵاتی زۆر فراوانی هەیە کە دەبوو ئەم دەسەڵاتانە فیدراڵی بن. حکومەتی فیدراڵیش خواستی دیاریکراوی دیکەی هەیە، دەرەنجام لەنێوان هەڵەکان و فەلسەفەی نوێی دیکە و سیستمی نوێ بە هزرێکی کۆن بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت. هەموو ئەمانە وایکرد هەنگاوەکانی گواستنەوە لە مەرکەزییەتەوە بۆ لامەرکەزییەت سست بێت. دەبێ هەوڵەکانمان چڕتر بکەینەوە بۆ دڵنیاییکردنەوەی هەموو عێراقییەکان بەوەی هەنگاونان بەرەو لامەرکەزییەت دەرفەت بە حکومەتە خۆجێییەکان دەدات باشتر خۆیان بەڕێوەببەن و خێراتر خزمەت بە پارێزگاکان بدەن، بەشێوەیەکی راست و دروست. بینیمان کاتێک ئەنجوومەنی پارێزگاکانی دەرەوەی پارێزگاکانی هەرێم هەڵوەشانەوە، چۆن حکومەتی ناوەند هەژموون و دەسەڵاتەکانی بەزاند بەسەر ئەم پارێزگایانە و کەوتنە ژێر رکێفییەوە و زۆربەی دەسەڵاتی پارێزگاکانیان لەناوبرد. ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە لە دوایین هەڵبژاردنەکاندا پێکهات، شەڕ دەکات بۆ وەرگرتنەوە و بەدەستهێنانی ئەو دەسەڵاتانەی لێی زەوت کرابوو. ئیدی ئەمە جۆرێکە لە شەڕ لە نێوان بیرکردنەوەیەکی جیاواز و ناکۆکیی لەنێوان ئەوانەی مەرکەزییەتیان دەوێت و ئەوانەی شان دەخەنە بەر دەستوور بۆ ئەوەی لامەرکەزییەت بەهێز بکەن. 
 
پرسیار: دەتوانم بڵێم، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان و ئەوەی روویدا لە هەرێمی کوردستان تا گەیشتە ئەو ئاستەی کارایی حکومەتی هەرێم هەڵبوەشێندرێتەوە و بخرێتە دۆخی کاربەڕێکەر و چەندین دۆخی دیکە بەهۆی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی هەمان ئەزموونی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بوو لە پێناو هەژموونی زیاتری حکومەتی فیدراڵی کە کار گەیشتە ئەوەی حکومەت بەشێک لە دەسەڵاتەکانی هەرێم بۆ خۆی گواستەوە و هەژموونی زیاتر کرد؟ پێشبینی ئەوە دەکرێت، دوای هەڵبژاردن، حکومەتی فیدراڵی دەستبەرداری دەسەڵاتەکانی ببێت و بیگەڕێنێتەوە بۆ حکومەتی هەرێم؟ 
 
عەممار حەکیم: پێویستە گوێ لە چیرۆکی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بگریت. دواتر بەسەر دوو خاڵ دابەشی بکەیت بۆ ئەوەی بگەیتە جۆرێک لە راستیی و واقیعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکەمان. گوێم لە بەڕێز مەسرور بارزانی، جەنابی سەرۆکوەزیران گرت. راستە ئەم حکومەتە زۆر نەرمی نواند و لە بەرامبەریشدا حکومەتی فیدراڵیش زۆر میانڕەو بوو لەگەڵی، مەبەستم حکومەتی بەڕێز سوودانی لە بەغدا. ئەو کەشەی لێکتێگەیشتنی هەردوولا لەم دوو ساڵەدا بینیمان، ئەو میانڕەوییە دوولایەنە و سازشی دوولایەنە ئێمەی گەیاندە ئەو کاتەی ئێستا تێیدا دەژین. لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا ئەم هەموو دەستکەوتە هاتە ئاراوە کە لە 20 ساڵی رابردوودا دەستنەکەوت. کەواتە ئێمە لە ئاراستەی راست و دروستداین و پێویستمان بە هەوڵ و کاتی زیاترە وەک بەڕێزیان [مەسرور بارزانی] ئاماژەی پێدا لە قبووڵکردنی یەکدی و لەناوبردنی ئەو مەترسییانەی بەرۆکی هەردوولایەنیان گرتووە. ئیدی متمانە فاکتەری سەرەکیی چارەکردنی هەموو کێشەکانە. ئاستی متمانە چەندە بەرز بێت و زیاتر بێت، هێندە ئاسۆی چارەکردنی کێشەکان نزیکتر و روونتر دەبێت. 
 
پرسیار: منیش گوێم لە بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گرت کاتێک باسی لەوەکرد کە بەوپەڕی ئەرێنییەوە لەگەڵ بەڕێز سوودانی گفتوگۆی کردووە و لە بەرامبەریشدا بەڕێز سوودانیش هەمان هەڵوێستی ئەرێنیانەی هەبووە. بەڵام راستییەک هەیە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا پەیوەندییان بە چەند پرسێکی سەرەکییەوە هەیە. گەوهەر و فەلسەفەی ناکۆکییەکان لە قبوڵکردنی فیدراڵیەتی مەرکەزی و لامەرکەزییەتە. هەروەها بابەتی ناوچە جێناکۆکەکان، جێبەجێ نەکردنی مادەی 140، بابەتی پێشمەرگە چارەسەر نەکراوە، یاسای نەوت و گاز هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، چەندین کێشەی سەرەکیی دیکە چارەسەر نەکراون. تا کەی ئەم بابەتانە دەخرێنە سەر مێزی گفتوگۆی نێوان ئەم هەموو حکومەتەی پێشوو و داهاتوو، بەبێ ئەوەی چارەسەر بکرێن؟ 
 
عەممار حەکیم: دەبێ ئەوە بزانین بەشێک لەم کێشانە مێژووەکەی بۆ دەیان ساڵ دەگەڕێتەوە، بەشێکیان بۆ سەتان ساڵیش درێژ دەبێتەوە. نەک تەنیا لە عێراق، لە هەر وڵاتێکی دیکەش هەمان شتە. ئەم جۆرە بابەتانە کاتی زۆریان پێویستە سەرباری ئەوەی دۆخی ئەو وڵاتانەش سەقامگیرن. ئەی چی بە عێراق دەڵێیت کە هێشتا لە دۆخێکی سەقامگیردا نییە و حکومەت دوای حکومەت دێت و دەڕوات. تێڕوانینی جیاواز هەیە و بە دۆخی زۆر سەخت و دژواردا تێپەڕیووین کە کاری کردە سەر متمانەی نێوانمان. تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی زمانی هاوبەش بۆ ماوەیەک نەما. بەڵام نابێ سڵ بکەین، دەبێ بەردەوام بین تا دەگەینە ئاستی ئەرێنیی هەمیشەیی. 
 
پرسیار: پێتان وایە ئەم دەستکەوتانە لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەکاندایە؟ 
 
عەممار حەکیم: چاوەڕوانییەکان نابێت لە یەک بواردا بێت، دەبێ هەموو بوارەکان بگرێتەوە. چاوەڕوانییەکانمان زۆرن بەهۆی ئەوەی مێژوویەکی حەوت هەزار ساڵیمان هەیە و سامان و توانا و پێگەی ستراتیژی زۆر گرنگی جیۆسیاسیمان هەیە، بەڵام عیشقمان بۆ خواست و چاوەڕوانییەکانمان دەبێت واقیع بینینانەتر بێت بۆ ئەوەی لۆژیک بمانگەیێنێتە ئاستێک هەنگاوی دروستی بۆ بنێین و بە کردە بتوانین تۆکمەتری بکەین. 
 
پرسیار: سەبارەت بە مادەی 140 کە هەمیشە مایەی مشتومڕە. ئێمە لەم کاتەدا کە قسە دەکەین سێ پڕۆژەیاسا لە پەرلەمان هەیە و پێویستییان بە دەنگدانە. یەکەمیان پەیوەندی بە کورد هەیە، دووەمیان پەیوەندی بە سوننە و سێیەمیشیان پەیوەندیی بە شیعەوە هەیە. ئەم جۆرە یاسایانە دەبێ لەسەر بنەمای سازان کاری بۆ بکرێت تا پەسند دەکرێت. عێراقی 2003 لەسەر بنەماکانی هاوبەشی، پاراستنی هاوکێشە و سازان دامەزرا. ژێرپێخستنی هەر یەک لەم بنەمایانە کێشە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. باسمان لە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی کرد، لە بەردەوامبوونی بەشێک لە کێشەکان، رێگە خۆش دەکات بۆ سەرهەڵدانی کێشەی دیکە. هەمووان باس لە سەرکەوتنی حکومەتی بەڕێز سوودانی دەکەین، باشە حکومەتی سوودانی چی کردووە کە حکومەتەکانی پێشتر نەیان کردبێت؟ 
 
عەممار حەکیم: ئەوە بەسە بەڕێزتان ئاماژەتان پێدا لە رۆژێکدا سێ پڕۆژەیاسا دەخرێتە پەرلەمان کە مایەی مشتومڕی زۆرە. یەک لەو کارە گرنگانە، هەموو فراکسیۆنەکان لەسەری رێککەوتن، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش بوو. هەمواری یاسای کەسی و یاسای لێبووردنی گشتی. هەموو پەرلەمانتارەکانیش رێکدەکەون بۆ پەسندکردنیان لە رۆژێکدا. 
 
پرسیار: پێتانوایە تێبپەڕێندرێت؟ 
 
عەممار حەکیم: کەشەکە بەو ئاراستەیە بوو کە تێپەڕێت. هەموو کۆبوونەوەکان بۆ ئەوە بووە تێبپەڕێندرێت و بگەنە ئاراستەیەک کە زمانی هاوبەش و خاڵی بەیەکگەیشتن بکرێت بۆ ئەم پڕۆژەیاسایانە و تێپەڕاندنیان. بۆیە پێموایە ئەگەر باس لە قەبارەی دەستکەوتەکان بکەین، قەبارەکانیان زۆر و گەورەن. بەڕێز سوودانی یەکەم سەرۆکوەزیرانە پابەندی کارنامەکەی بێت و بەردەوام چاو بە کارنامەکەیدا دەگێڕێت. لە کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە مانگانە یان 45 رۆژ جارێک دەکرێت، خۆی دەستپێشخەری دەکات و خشتەیەک نمایش دەکات بە رێژەی ئەو کارانەی کە لە کارنامەکەیدا جێبەجێکراوە. لە خشتەکەیدا واژۆی حەوت وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی لەگەڵ کە دەیسەلمێنێت کارەکان ئەنجامدراون. دوایین جار پێموایە رێژەی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی نێو کارنامەکەی پێموایە 72٪ بوو. بە زمانی ژمارە و بە تێروتەسەلی زۆر وردەوە هەموویان دەخاتە بەردەممان. تەنانەت ئەو پڕۆژانەی کە ماون باس دەکات کە گەیشتووەتە چ ئاستێک و لە چ دۆخێکدایە. ئەمە هەموویان دەستکەوتن. هەر کەسێکیش تێبینییەکی هەبێت، پرسیار لەو وەزیرە دەکات کە سەر بە پێکهاتەکەیەتی یان سەر بە فراکسیۆنەکەیەتی بۆچی واژۆ لەسەر شتێک دەکات ئەگەر نەکرابێت یان ناکرێت. 
 
پرسیار: لە دەستپێکی قسەکانتدا پیرۆزباییت لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد بە سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی، ساڵێک ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی عێراق. دۆخی گشتیی عێراق چۆنە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو. رەوتی حیکمە چۆن خۆی بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئامادە کردووە؟ ئایا رەوتی حیکمە لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەمێنێتەوە یان بە تەنیا بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکات؟ 
 
عەممار حەکیم: چوارچێوەی هاوئاهەنگی، چوارچێوەی هاوئاهەنگییە واتە لیستی هەڵبژاردن نییە، بەرەش نییە و هاوپەیمانیش نییە، بەڵکو چوارچێوەیەکە بۆ هاوئاهانگی، بە مانایەکی دیکە چەند هێزێکە لەنێوان خۆیاندا هاوئاهەنگن، چونکە سەر بە یەک گۆڕەپانن. ئەمە ناو و پێناسەکەیەتی. بۆیە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بە چەند لیستی جیاوازەوە چوونە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە، بەڵام دوای هەڵبژاردنەکان، دووبارە گەڕانەوە دەوری مێز و پێکەوە هاوئاهەنگ بوون و حکومەتە خۆجێییەکانیان دامەزراند. ئێستا گفتوگۆ هەیە لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا بەوەی ئایا هەریەکە و بە جیا لیستی خۆیان رابگەیێنن یان پێکەوە بن، یاخود با بە جیا بچینە ناو هەڵبژاردن و دەنگەکان کۆبکەینەوە و دووبارە بگەڕێینەوە ناو خۆمان؟ هەموو بژاردەکان بەردەوام گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. پێمانوایە ئەزموونی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەزموونێکی سەرکەوتوو بوو. دەنگی زۆر و کورسیی زۆرمان بەدەستهێنا. دەرەنجام ناو و پێگە و رەنگی تایبەتی خۆمان هەیە. ئەگەر لەژێر چەتری هاوپەیمانییەکی فراوانتر کۆبووینەوە ئەمە باشترە، بەڵام ئەگەر نەکرا رەنگە بە ناونیشانێکی جیاواز بەشداری هەڵبژاردن بکەین. 
 
پرسیار: دوای گۆڕانکاری، بەشێک لە هێزە سونییەکان بە نیگەرانییەوە چوونە ناو پرۆسەی سیاسی. پێکهاتەی شیعی بە هاوپەیمانییەکی گەورە بەشداریکرد، پێکهاتەی کوردیش بە هاوپەیمانیی کوردستانی بەشداری هەبوو. ئێستا ئەم هاوپەیمانییانە نابینین لەنێوان هەر سێ پێکهاتەکاندا، پێتان وانییە نەمانی سازان و رێککەوتن وایکردووە ناسەقامگیری سیاسی سەرهەڵبدات؟ 
 
عەممار حەکیم: پێموایە گواستنەوەی ناکۆکیی پێکهاتەیی بۆ ململانێی نێوخۆیی خودی پێکهاتەکان، خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکە با ئاراستەیەکی دروست، چونکە ناکۆکیی عەرەبی کوردی، شیعی و سوننی، ناکۆکیی نەژادی و تایفەگەرییە، بەڵام ململانێی کوردی - کوردی، شیعی - شیعی، سوننی - سوننی، سیاسییە. گۆڕانکاریی لە ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکان بۆ ململانێی سیاسیی دوو شتی جیاوازن. یەکەمیان باش نییە و دووەمیان لە هەر کەشێکی دیموکراسیدا باوە و دەکرێت. چەند رۆژێکی دیکە لە ئەمریکا هەڵبژاردن دەکرێت، کۆماری و دیموکراتەکان لە زۆر شت ناکۆکن و رکابەریی تووندی یەکدی دەکەن. هەریەکیان کارنامەی تایبەتی خۆی هەیە. ململانێی سیاسی مایەی نیگەرانیی نییە، چونکە رێگە خۆش دەکات بۆ کێبڕکێ لەسەر پێشکەوتنی وڵات. بەڵام ناکۆکیی نەژادی و تایفەگەری مەترسیدارە. هەموو ئەو ململانێ و ناکۆکییانەی ئێستا هەن، نەژادی و تایفەگەری نین بەڵکو جیاوازی سیاسیین و زمانی هاوبەش هەن. ئەمڕۆ لایەنی کوردی، سوننی و شیعی هەیە نزیکترە لە هێزی دیکەی پێچەوانەی پێکهاتەکەی خۆی. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە بەرنامەیەک هەن وا دەکات لایەنە سوننی، کوردی و شیعییەکان لەیەکدی نزیک ببنەوە. ئەم فرەچەشنییە لە هاوپەیمانیکردن یان لەیەکدی نزیکبوونەوە لەسەر ئاستی نیشتمانیی سەرباری تێڕوانینە جیاوازەکانیان پێشهاتێکی گرنگە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق. 
 
پرسیار: گەیشتینە کۆتایی ئەم پانێڵە دوایین گوتەت چییە بۆ گەلی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی عێراق و کوردی؟
 
عەممار حەکیم: دوایین قسەم بۆ عێراق و تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراقی؛ ئێمە پێشدەکەوین دەبێ بەهای دەستکەوتەکانمان بزانین و کار بکەین بۆ ئەوەی دەستکەوتی زیاترمان هەبێت. پەیامی کۆتاییشم بۆ فەلەستینە کە دۆزی سەرەکیی و مەرکەزییمانە لەناو جیهانی ئیسلامیدا کە ئەمڕۆ گەلی فەلەستین و لوبنان رووبەڕووی دۆخێکی زۆر سەختی داگیرکەرانەی ئیسرائیل دەبنەوە کە ستەمی زۆر گەورەیان لێدەکات و گورزی بەهێزیان ئاراستە دەکات. هاوسۆزی خۆمان دەردەبڕین و داوا دەکەین سندووقێکی تایبەتی دابمەزرێت بۆ هاوکاریکردنی هەردوو گەلەکە بۆ ئەوەی ئاودانی دەستپێبکات دوای کۆتاییهاتنی جەنگ. ئەمەمان بە گشتیی زۆر پێویستە. هەروەها جەخت لەسەر هەڵوێستی عێراق دەکەمەوە لە پاڵپشتیکردنی بۆ دۆزی رەوای گەلی فەلەستین و گەلی لوبنان لە رووی سیاسی و راگەیاندن و مرۆییشەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

.

رووداوێکی ناخهەژێن لە بەغدا؛ قوتابییەک لەلایەن مامۆستاکەیەوە بە دار لێی دەدرێت و گیان لەدەستدەدات

قوتابییەکی 11 ساڵان لە بەغدا دوای ئەوەی لەلایەن "یەکێک لە مامۆستاکانییەوە بە دار لە سەری دەدرێت" گیان لەدەستدەدات. بەپێی راپۆرتی دادپزیشکی: "تووشی خوێنبەربوون بووە."