رووداو دیجیتاڵ
وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر دانەمەزراندنی دەرچووانی سێ ساڵی رابردوو، سەندیکای دەرمانسازانی عێراق بڕیاری دا رۆژی پێنجشەممە دەرمانخانە ئەهلییەکان بۆ ماوەی دوو کاژێر دابخات.
دکتۆر ئوسامە هادی، دەرمانساز و گوتەبێژی سەندیکای دەرمانسازانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 15ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە دەرمانخانە ئەهلییەکان لە کاژێر 05:00ی ئێوارە تاوەکو 07:00ی ئێوارە لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق دادەخرێن و پێشوازی لە کەس ناکەن، ئەوەش وەک هاوسۆزییەکە بۆ داواکارییە یاساییەکانی دەرمانسازانی عێراق.
گوتەبێژی سەندیکای دەرمانسازانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا دەرچووانی سێ ساڵی 2023، 2024 و 2025ی دەرمانسازی دانەمەزراون و دەرچووانی 2026یش نزیک بووەتەوە. گوتیشی، "ئەمە ستەمێکی گەورەیە لە دەرچووانی دەرمانسازی دەکرێت و داوا دەکەین، یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2000 (یاسای پلەبەندیی پزیشکی و تەندروستی) جێبەجێ بکرێت و دەرچووانی دەرمانسازی بە شێوەی ناوەندیی دابمەزرێن."
سێ سەرچاوەی سەرەکیی دەرچووی دەرمانساز هەن: کۆلێژ و پەیمانگەکانی حکومەت، ئەهلییەکان و ئەوانەشی لە دەرەوەی وڵات خوێندنی دەرمانسازی تەواو دەکەن.
گوتەبێژی سەندیکای دەرمانسازانی عێراق گوتی، ئێستا نزیکەی 30 هەزار دەرچووی دەرمانساز هەن، لەکاتێکدا عێراق پێویستی بە دامەزراندنی 25 هەزار بۆ 30 هەزار دەرمانسازە، بۆیە دانەمەزراندنیان ستەمێکی گەورەیە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر داهاتووی پیشەیی و بژێوییان دەبێت.
بە گوتەی ئەو، "ئێستا دەرمانخانەکان پڕبوون لە دەرچووی دانەمەزراو و رێژەی بێکاری لەنێویاندا بەرزبووەتەوە، ئەمەش کار دەکاتە سەر کوالیتیی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان."
دکتۆر ئوسامە هادی، باسی لە گرفتەکانی دیکە کرد و ئاماژەی بەوە دا، حکومەت باجی جۆراوجۆری بەسەر دەرمانخانەکاندا سەپاندووە و ئەوەش ئەرکی ئەوانی قورس کردووە. رایگەیاند، چەندین جار داوایان کردووە ئەو گرفتانە چارەسەر بکرێن، بەڵام بێ سوود بووە. هەروەها داوایان کردووە دەرمانخانەکان پلەبەندییان بۆ بکرێت بۆ پلەکانی A، B و C و کرێی شوێنی دەرمانخانەکانیش چارەسەر بکرێت کە لەچاو کرێی شوێنەکانی دیکەی هەمان باڵەخانە گرانترە. جگە لەوەش داوایان کردووە نرخی دەرمان دیاری بکرێت.
نزیکەی 57 هەزار دەرمانخانە لە عێراق هەن گوتەبێژی سەندیکای دەرمانسازانی عێراق، هۆشداریی دا ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، رێکاری دیکە دەگرنەبەر.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
