هاتووچۆی عێراق: لە عێراق حەوت ملیۆن و 100 هەزار ئۆتۆمبێل هەن

28-12-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی عێراق دوایین ئاماری ژمارەی ئۆتۆمبێلی لە عێراق ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لە عێراق حەوت ملیۆن و 100 هەزار ئۆتۆمبێل هەن، کە زیاتر لە نیوەیان لە بەغدای پایتەختن. لە هەرێمی کوردستانیش تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022 نزیکەی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیل تۆمارکراون.
 
عەمید زیاد قەیسی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەگشتی لە عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، حەوت ملیۆن و 100 هەزار ئۆتۆمبێل بە هەموو جۆرەکانییەوە تۆمارکراون.
 
 گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی عێراق دەڵێت، لە بەغدا نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار بۆ چوار ملیۆن ئۆتۆمبێل هەن، بەڵام هەر هەمووی تابلۆی بەغدایان نییە، بەڵکو بەشێکی پارێزگاکانی دیکەن، لەوانەش پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. 
 
رۆژی 05-10-2023 عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە عێراق هەموو ساڵێک ژمارەی ئۆتۆمبێل زیاد دەکات، ئێستا نزیکەی حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو بە هەموو جۆرەکانییەوە هەن. ئەمە وێڕای ماتۆڕسکیل و توک توک کە ژمارەیان لەنێوان 250 - 300 هەزارە. فەرمانگەکانی دەوڵەتیش نزیکەی 300 هەزار ئۆتۆمبێلی تۆمارکراویان هەیە.
 
بە گوتەی هینداوی، ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل گوشارێکی زۆری بۆ سەر توانای شار و شەقامەکان دروستکردووە، بۆیە ئێستا حکومەت پلانی هەیە رێگەی بازنەیی و شەقامی نوێ دروست بکات بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل، هەروەها هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلیش بەپێی پێویست بێت و هانی گواستنەوەی گشتی بدرێت بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی شەقامەکان.
  
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، بەپێی دوایین ئاماری هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، تاوەکو رۆژی 31-3-2023، لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 993 هەزار و 552 'ئامێری گواستنەوە' بە فەرمی تۆمارکراون کە ملیۆنێک و 973 هەزار و 778یان جۆرە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێلن و 19 هەزار و 774یشیان ماتۆڕسکیلن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق.

لە 17 رۆژدا عێراق 78 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە

لە 17 رۆژدا عێراق زیاتر لە 78 ملیۆن بەرمیل نەوتى لە رێگەى بەندەرەکانى بەسرە هەناردە کردووە کە 19 ملیۆن بەرمیلى لە نەوتى کێڵگەکانى گەیارە بووە. لە کەرکووکیشەوە بە تەنکەر زیاتر لە 170 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ئوردن هەناردە کراوە.