رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتی سێ لیژنەی پەرلەمانی بۆ کورد یەکلایی بووەتەوە، بەڵام فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەوڵی وەرگرتنی سەرۆکایەتیی لیژنەیەکی دیکە دەدەن، بۆ ئەوەی بدرێتە سێ لایەنەکەی ئۆپۆزیسیۆن.
ئۆمێد بەرواری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێنجشەممە 29-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، لە هەوڵی ئەوەدان کورد سەرۆکی چوارەم لیژنە وەربگرێت بەبێ ئەوەی لیژنەکە دیاریکراوبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتن لەبارەیەوە نەکراوە.
تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتیی لیژنەکانی تەندروستی و یاسایی و پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق بۆ فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی یەکلایی بووەتەوە.
پۆلا سیروان دێرەشەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "هەوڵی وەرگرتنی سەرۆکی چوارەم لیژنەی پەرلەمان بۆ ئەوەیە کە سەرۆکی لیژنەیەک بڕواتە لایەنە کوردستانییەکانی دیکە جگە لە یەکێتی و پارتی."
تاوەکو ئێستا سەرۆکی لیژنەی تەندروستی بۆ یەکێتی و سەرۆکی هەردوو لیژنەی یاسایی و پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ پارتی دانراوە.
پێشتر لە 28ی تشرینی یەکەمی 2026 موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، واژۆی زۆربەی لایەنە کوردستانییەکانی کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان وەربگرن، کە خۆی بەربژێریەتی.
خشتەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ رۆژی پێنجشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2026، تەنیا لە یەک بڕگە پێکهاتووە، ئەویش دەنگدانە بە ئەندامان و سەرۆکی لیژنە هەمیشەیییەکان.
سەلوان ئاکرەیی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە رووداوى گوت: "ئەگەر رێککەوتنى کۆتایی نەکرێت ئەگەر هەیە دەنگ بە سەرۆکى 10 لیژنە بدرێ"
23 لیژنەی هەمیشەیی لە پەرلەمانی عێراق هەن، کە بەگوێرەی ژمارەی کورسی و سازان بەسەر لایەنەکاندا دابەش دەکرێن.



