رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق دەنگدان لەسەر سێ پڕۆژە یاسا دەخاتەوە خشتەى کارەکانى کە پەیوەندارن بە کورد و شیعە و سوننە.
بەگوێرەى خشتەى کارى کۆبوونەوەى سێشەممە 29ى تشرینى یەکەمی 2024، پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر هەر سێ پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان، هەموارى یاساى بارى کەسى، هەموارى یاساى لێبووردنى گشتى دەدات.
دارار سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو سێ پڕۆژەیاسایە لە لیژنە تایبەتمەندەکان کارەکانیان تەواو بووە بۆ دەنگدان ئامادەن، "ئەگەر لە دەرەوەى لیژنەکان کێشەیان بۆ دروست نەکرێت".
پڕۆژەیاسای هەموارى یاساى بارى کەسى داواکاریى شیعەکانە بۆ جێکردنەوەى مەزهەبى جەعفەریى لە پرسی هاوسەرگیریدا، هەموارى یاسای لێبووردنى گشتى داواکاریى سوننەکانە بۆ ئازادکردنى هەندێک لەو گیراوانەى پێیانوایە بە نایاسایی دەستگیرکراون. هەرچى پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ بۆ خاوەکانیان کە بەهۆى چەند بڕیارێکى ئەنجوومەنى پێشووى سەرکردایەتى شۆڕش دەستیان بەسەردای گیراوە، لە بەرژەوەندیى کورد و تورکمانە.
دارا سێکانیانى گوتى: "چەند بڕیارێکى دیکە بۆ پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵەکان زیاد کراون، بەڵام نازانرێت سبەى بە دەنگدان ئەو زیادکردنە پەسند دەکرێت یان نا."
بەگوێرەى پڕۆژەیاساکە هەشت بڕیار هەڵدەوەشێندرێتەوە کە بەهۆیانەوە زەویی کورد و تورکمان داگیرکراون، بەڵام پێشنیاز کراوە 16 بڕیارى دیکەى بۆ زیاد بکرێت کە زۆرینەیان پەیوەندارن بە ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق کە شیعەکان دەڵێن بەهۆیەوە زەوییان داگیرکراوە.
لە 27ى تشرینى یەکەم بەهۆى ناکۆکیی لایەنەکانەوە، پرۆژەیاساکە لە خشتەى کارى کۆبوونەوەى پەرلەمان لادرا، کە دەبوو دەنگى لەسەر بدرێت.
جگە لەو سێ پڕۆژەیاسایە، لە خشتەى کارى پەرلەمان بۆ کۆبوونەوەى سێشەممە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى خزمەت و خانەنشینى کارمەندانى دەستەى حەشدی شەعبى داندراوە، ئەو جگە لە تەواوکردنى خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای موڵکدارى فیکرى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ