رووداو دیجیتاڵ
دادگایەکى دیالە فەرمانى دەستگیرکردن بۆ تاکە ئەندامەکەى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە ئەنجوومەنى پارێزگا دەرکرد، بە گوتەى پۆلسى ئەو شارە دۆسیەکەى پەیوەندارە بە کێشەیەکى کۆنەوە.
بەگوێرەى نووسراوێک کە دادوەر عەمار مەتلى، سەرۆکى دادگەى تاوانەکانى دیالە لە 26ى حوزەیران ئاڕاستەى پۆلیسی شارەکەى کردووە، فەرمانى دەستگیرکردن بۆ ئەوس مەهداوى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە پشکی یەکێتی دەرچووە.
لە نووسراوەکەدا داوا لە پۆلیس کراوە، دوای دەستگیرکردنی داواکراو، رادەستی دادگەی بکەن، بەر لەوەی لە رۆژی 1ی تەممووز دادگایی بکرێت.
ئەوس مەهداوى تەنیا ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالەیە لە پشکى یەکێتى کە بە نەتەوە عەرەبە، لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکە 4181 دەنگى بەدەستهێنا.
هەیسەم شمەرى، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسی دیالە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو نووسراوەمان پێگەیشتووە بۆ دەستگیرکردنى ئەو کەسە وەک هەر هاووڵاتییەکى دیکە کە فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەردەچێت."
بە گوێرەی نووسراوەکەی دادگە، ئەوس مەهدی بەپێی مادە 430 لە یاسای سزادانی عێراقی، کە تایبەتە بە کردنی تاوان بەرامبەر کەسێک و سزاکەی دەگاتە حەوت ساڵ بەندکردن، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.
هەیسەم جبوورى گوتى: "ئەو دۆسیەیە پەیوەندارە بە کێشەیەکى کۆنەوە لە نێوان ئەو کەسەى فەرمانى دەستگیکردنى بۆ دەرکراوە لەگەڵ فەرمانبەرێکدا".
رووداو لەسەر ئەو پرسە پەیوەندى بە ئەوس مەهداوى کرد، بەڵام گوتى: "ناتوانم قسە بکەم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ