رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق چەند رێنماییەکی بڵاوکردەوە و هۆشداریش لە روودانی گەردەلوول و زریانی بەهێز دەدات.
رۆژی هەینی، 27ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق رێنمایی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گەردەلوول و زریانی بڵاوکردەوە و داوا لە هاووڵاتیان دەکات لە ژێر دارەکان، تابلۆکانی رێکلام، تاوەرەکانی پەیوەندی و ئەو باڵەخانانە دوور بکەونەوە، کە مەترسیی رووخانیان هەیە. هەروەها دەرگە و پەنجەرەکانیش دابخەن.
پێێشتر عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی عێراق بە رووداوی گوتبوو، رۆژانی هەینی و شەممە، خێرایی با دەگاتە 55 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، ئەوەش خۆڵبارین دروستدەکات، مەودای بینین بۆ کەمتر لە 4-2 کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق.
بەرگریی شارستانیی عێراق داوا لە شۆفێران دەکات بە وریاییەوە شۆفێری بکەن.
هەروەها بەرگریی شارستانی دوا لە هاووڵاتیان دەکات لە کاتی بوونی مەترسی و رووداوی نەخوازراو پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن، کە (115)یە.
رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق:
1- دووربکەونەوە لەو وایەرانەی شۆڕبوونەتەوە، ئەویش بەهۆی مەترسی پچڕانیان، چونکە ئەگەری هەیە پاش پچڕانیشیان کارەبایان تێدا بێت.
2- نزیک نەبنەوە لەو باڵەخانانەی کاریان تێدا دەکرێت، یان ئەوانەی مەترسی رووخانیان هەیە.
3- دووربکەونەوە لە درەختی گەورە، چونکە ئەگەری شکانیان هەیە.
4- لە کاتی شۆفێریدا ئاگاداربن، بەتایبەتی لە کاتی رەشەبادا کە تەپوتۆزی زۆری لەگەڵدا بێت، پێویستیشە ئاگاداری هێماکانی هاتووچۆبن.
5- دەرگە و پەنجەرەکان دابخەن بۆ کەمکردنەوەی دزەکردنی هەوا لەکاتی گەردەلوولدا.
6- دایکوباوکان دەبێت منداڵەکانیان فێری سرووشتی گەردەلوولەکان بکەن، بۆ دڵنیابوون لەوەی بە ئارامی دەخەون و ناترسن، چونکە رەنگە دەنگی رەشەباکە منداڵان بترسێنێت.
7- لەکاتی پەڕینەوە لە شەقامەکان هۆشیاربن؛ بەتایبەتی لە شەودا، چونکە زریانی خۆڵبارین لەوانەیە کاریگەری لەسەر ئاستی بینینی شوفێران هەبێت لە مەودا دوورەکاندا.
8- لە تابلۆکانی رێکلام دوور بکەونەوە.
9- ئاگاداری ئەو باڵەخانانە بن کە بە مادەی ئەلیکۆبۆن داپۆشراون، چونکە لەوانەیە هەندێک لە بەشەکانیان لەکاتی گەردەلوولدا هەڵبکەنرێن.
10- لە هەموو تاوەرەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت دووربکەونەوە، پێویستە بە وردی چاودێری ئەو تاوەرانەش بکرێت کە لەسەر خانووی نیشتەجێبوون دانراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ