رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە بەخێرایی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا دابخات، یەکێک لە ئەگەرەکانیش گواستنەوەی کارەکانی باڵیۆزخانەکەیە بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
دوو سەرچاوەی نزیک و بەئاگای گفتوگۆکانی ئیدارەی ترەمپ گوتوویانە، لەدوای هێرشە مووشەکییەکانی ئەمدواییەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا، ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە باڵیۆخانەکە دابخات و یەکێک لە ئەگەرەکان گواستنەوەی باڵیۆزی ئەمریکایە بۆ هەولێر.
چاوخشاندنەوەی ئەمریکا بە ئەگەری داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا، هەندێک کەس وەک پێشەکییەک بۆ گرتنەبەری هەنگاوێکی تۆڵەسەندنەوە لە ئێران دەیبینن، ئەوەش لەدوای زنجیرە هێرشەکانی ترەمپ و پۆمپەییۆ، وەزیری دەرەوەی دژ بە ئێران کە بە سپۆنسەری ژمارە یەکی تیرۆر لە جیهان ناویان برد. ئەمریکا لە ساڵی 1984وە ئێرانی بە وڵاتی سپۆنسەری تیرۆر ناساندووە.
رۆژی چوارشەممە، 23ی ئەم مانگە ترەمپ لە توویتەر نووسی: "هەڵیبێنن ئەو مووشەکانە لەکوێوە هاتوون؟"، هەر خۆی وەڵامی دایەوە "ئێران". گوتیشی: ئێستا قسەوقسەڵۆک دەبیستین کە هێرشی زیاتر دژ بە ئەمریکییەکان لە عێراق دەکرێن".
ترەمپ هۆشداری دایە ئێران و گوتی: "ئامۆژگارییەکی دۆسیانە.. ئەگەر یەک ئەمریکی بکوژرێت، ئێران بە بەرپرس دەزانین.
رۆژی یەکشەممە 20ی ئەم مانگە، هەشت مووشەک ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کران و لەلایەن سیستمی دژە مووشەکیی باڵیۆزخانەکەوە خرانە خوارەوە.
بۆیە ئێستا ئیدارەی ترەمپ لەسەر ئاستێكی بەرز تووتوێی ئەگەری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەکات و لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەو پلانە، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ئیدارەی ترەمپ بیر لەوە دەکاتەوە ماسیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق یان بۆ هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە و نیشتەجێبکرێت یان بۆ بنکەی ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کە سەربازی ئەمریکی تێدایە.
پێشتر ئەمریکا لە ساڵی 2018دا، ئەزموونێكی لەو چەشنەی تاقیکردووەتەوە کاتێك کە کونسوڵخانەکەی لە بەسرە داخست، ئەوەش لەدوای چەند هێرشێكی مووشەکی بۆ سەر کۆنسوڵخانەکە.
مایک پۆمپەییۆ میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێران بە بەرپرس لە هێرشەکان تۆمەتبار کرد و رایگەیاند: "هەمان میلیشیا کە دامەزراوە دیپلوماسییەکان لە عێراق دەکەنە ئامانج و سەرچاوە داراییەکان و سامانی عێراق دەدزن و لە چالاکڤان و خۆپیشداندەرە ئاشتیخوازەکان دەدەن و دەستیان لە تووندوتیژی تایفیدا هەیە".
تیم و ستافی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەنجەی تۆمەتەکانیان بۆ ئێران درێژکردووە و لە توویتەر نووسیویانە، ئەمجۆرە هێرشە مووشەکییانە بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکان پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە و هێرشێکی راستەوخۆیە لەسەر سەروەریی حکومەتی عێراق.
هێرشەکانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هاوکاتن لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکاوە لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لە کانوونی دووەمی رابردوو.
ئیدارەی ترەمپ بەردەوام سولەیمانی بە ئەندازیاری هێرشە تیرۆریستەکان" لە عێراق، باکووری سووریا، لوبنان و یەمەن. ناو دەبرد.
پێنج رۆژ دوای کوژرانی سولەیمانی، ئێران چەندین مووشەکی ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای عێراق و هەروەها لە هەرێمی کوردستان کرد.
ئەگەری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، لەدوای هەڕەشەکانی پۆمپەیۆ لە مانگی ئەیلوولدا دێت بە داخستنی باڵیۆزخانەکە و لەو کاتەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی کوژرانی سولەیمانی و لە ئەگەری هێرشێکی تۆڵەسەندنەوەی ئێران، ژمارەی کارمەندەکانی نێو باڵیۆزخانەکەی کەمکردوونەتەوە.
هەندێ سەرچاوەی میدیایی عێراقی باسیان لەوەکردووە کە گوایە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس رۆژی 22ی ئەم مانگە، واتە دوو رۆژ لە دوای هێرشە مووشەکییەکانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە. بەگوێرەی هەندێ سەرچاوەی میدیایی عێراقی، قائانی بە کازمی گوتووە کە ئێران هیچ رۆڵێكی لەدوا هێرشەکانی سەر باڵیۆزخانەکەدا نەبووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رەتیکردەوە لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق تێوەگلابێت، وەک ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکردبوو.
وەزارەتەکە لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا دەڵێ: "واشنتن هەموو بەرپرسیاریەتییەکی، هەر کارێکی نادانایانەی دەکەوێتە ئەستۆ کە لە قۆناخی داهاتوودا، بینێت".
محەممەد جەوادزەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ترەمپ هەڕەشەی سەرشێت و مەترسیدار دەکات و بەرپرسیاریێتی هەر هەڵەیەکی لە ئەستۆ دەبێت کە دەیکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ