رووداو دیجیتاڵ
کوڕەزاى زڕبرایەکى سەدام حوسێن، کە ساڵێک لەمەوبەر لە لوبنانەوە گەڕێندرایەوە عێراق، بەتۆمەتى ئەوەى رۆڵى لە کوشتنى هەزار و 700 سەربازى کۆلێژى سپایکەردا هەبووە، ئازادکرا. دادگەیەکى بەغدا دەڵێت، "ئەو تۆمەتانەى ئاڕاستەى کرابوون، هەڵوەشێندرانەوە."
دادگەى تاوانەکانى رەسافە لە بەغدا لە 20ـی ئەیلوولى 2023 بڕیاری دا بە ئازادکردنى عەبدوڵڵا یاسر سەبعاوى تکریتى، کە دەکاتە کوڕەزاى زڕبراى سەدام حوسێن. لە کاتێکدا محەممەد شیاع سوودانی لە ساڵی رابردوو ئەو پۆلیسانەی ئینتەرپوولی خەڵات کرد کە عەبدوڵڵا یاسریان دەستگیرکردبوو.
لە بڕیارەکەدا هاتووە؛ دادگە بڕیاری داوە ئەو تۆمەتانە هەڵبوەشێنێتەوە کە ئاراستەى عەبدوڵڵا یاسر، کراون کە بەشدار بووە لە کۆمەڵکوژیی سپایکەر لە 12ـی حوزەیرانى 2014 و ئازادکردنى لەگەڵ تۆمەتبارێکى دیکە بە ناوى عەلى قاسم شخێت.
11ـی تشرینى دووەمى 2022، عەبدوڵڵا یاسر سەبعاوى، لە لایەن پۆلیسی لوبنانەوە رادەستى پۆلیسی ئینتەرپووڵ لە عێراق کرایەوە، دواى ئەوەى تۆمەتبار کرا بەوەى رۆڵى هەبووە لە رووداوى سپایکەردا کە تێیدا زیاتر لە هەزار و 700 سەربازى فیرقەى 18ـی سوپاى عێراق لەلایەن رێکخراوى داعشەوە لە پارێزگاى سەڵاحەدین بەدیلگیران و دواتر کوژران.
رۆژی 12ـی تشرینى دووەمى 2022، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق فەرمانی دا بە رێزلێنانى کارمەندانى بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسی ئینتەرپوولى عێراقى بەهۆى وەرگرتنەوەى عەبدوڵڵا یاسر سەبعاوى و رادەستکردنى بە دادگەى عێراقى.
پێشتر لە 13ـی تشرینی دووەمى 2022، رەزا تەمیمى، یەکێک لەو پارێزەرانەى ئاگادارى دۆسیەی دادگاییکردنى تۆمەتبارانى سپایکەرە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو تۆمەتەى ئاراستەى عەبدوڵڵا یاسر سەبعاوى کراوە، بەشداریکردنییەتی لە کۆمەڵکوژی سپایکەر، بەڵام هێشتا هەر تۆمەتە و دەبێت ئەوە لە دادگە یەکلایی بکرێتەوە."
سەبعاوى ئیبراهیم تکریتى زڕبراى سەدام حوسێن لە سەردەمى دەسەڵاتى حیزبى بەعس چەندین پۆستى بەدەستەوە بوو، لەوانە سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى. ئەو لە ساڵى 2005 دەستگیرکرا و لە ساڵى 2013 بەهۆى نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانى بەغدا گیانى لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ