رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دادگەی باڵای فیدراڵی رایگەیاند، پێویستە یاسا ناوبژیکار و باڵادەست بێت لە رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 24ی ئاداری 2024 د. لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، پێشوازیی لە دادوەر جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی و ئەندامانی دادگەکە کرد.
لە دیدارەکەدا، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاندووە، ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی لە تەواوی وڵات بەدیهاتووە، دەستکەوتێکی گرنگ و شایستەیەکی مەزنە، پێویستە دەستی پێوە بگرن بۆئەوەی ببێتە بەردی بناخەی بەدیهێنانی گەشەی ئابووری و تۆکمەکردنی زیاتری وەبەرهێنان و گەیشتن بە خۆشگوزەرانی و باشترکردنی ئاستی ژیان و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان.
سەرۆککۆماری عێراق باسی لەوەش کرد، دەبێت دامەزراوەکانی دەوڵەت رۆڵ و هەوڵەکانیان تۆکمەتر بکەن لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان لەڕێگەی پشتبەستن بە یاسا و دەستوور. ئاماژەی بەوەش دا، گفتوگۆی دیموکراسی دەبێت ببێتە ئاراستەی چارەکردنی ئەو گرفتانەی رووبەڕووی پەیوەندییەکانی هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان دەبنەوە، پێویستە یاسا ناوبژیکار و باڵادەست بێت لە رێکخستنی ئەم پەیوەندییانە.
دادوەر جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی رایگەیاند، دادگەی فیدراڵی بە یەک ئاست مامەڵە لەگەڵ هەمووان دەکات و کار بە دەقەکانی دەستوور و یاسا دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد، پرسی هەڵبژاردنەکان و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کاری لەپێشینەی دادگەکەیە.
دادوەر جاسم محەممەد عەبود جەختی لەوەش کردووەتەوە، دادگەی باڵای فیدراڵی لەوپەڕی ئامادەباشییە بۆ کارکردن لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەپێناو بەجێگەیاندنی شایستەکان لەژێر چەتری دەستووردا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ