دیمەنی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران لێل و ئاڵۆزە

25-01-2024
ئەنمار غازی
دۆخی نیشتمانی، بژاردەی کۆتاییە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان
دۆخی نیشتمانی، بژاردەی کۆتاییە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان
نیشانەکردن پەرلەمانی عێراق
A+ A-
رووداو بەغدا

10 رۆژ بەسەر دوایین دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەماندا تێپەڕیوە، هێز و لایەنە سیاسییەکانیش بەردەوام کۆدەبنەوە لەپێناو گەیشتن بە ئەنجامێک کە بەدڵی هەمووان بێت. 
 
فراکسیۆنە سوننە و شیعەکان چاوەڕێی بڕیاری دادگەی فیدراڵین بۆ ئەوەی پرسی هەڵبژاردنی کەسێکی پەسندکراو بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، یەکلایی بکرێتەوە.
 
زەیتوون دلێمی، پەرلەمانتاری سوننە لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت "ئەگەر دانیشتنی دادگەی فیدراڵی پرسی دیاریکردنی سێ بەربژێری یەکلایی نەکردەوە، دەبێت درێژە بە دانیشتنەکە بدرێتەوە. ئەگەر لایەنە سوننەکان لەسەر کەسایەتییەک بەدڵی سوننە و شیعە و لایەنەکانی دیکە رێککەوتن، ئەوسا پێموایە پێویستمان بە دانیشتنێکی نوێ دەبێت، بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا پرسەکە یەکلایی نەکراوەتەوە."
 
سیهام موسەوی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی باس لەوە دەکات "ئەم پرسە پەیوەستە بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی کە هەمووان چاوەڕێن. رەنگە هەفتەی داهاتوو، ئەنجوومەنی نوێنەران کۆببێتەوە. ئێستا دانووستاندنەکان لەنێوان فراکسیۆنەکانی تەقەدووم، عەزم، حەسم لەلایەک و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەلایەکی دیکەوە بەردەوامن بۆ ئەوەی لەسەر کەسایەتییەک بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران رێکبکەون."
 
دۆخی نیشتمانی، بژاردەی کۆتاییە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بۆ ئەمەش پێویستیان بە هەڵوێستی فراکسیۆنەکانی کوردە کە پەیوەندیی بە ئاییندەی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکانەوە هەیە.
 
ماجید شنگالی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لەمبارەیەوە بە رووداوی گوت "ئەگەر لایەنە سیاسییەکان لەسەر کەسێک کۆک نەبن، پێموایە دۆخی نیشتمانی پرسی هەڵبژاردنی کەسایەتییەک بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران یەکلایی دەکاتەوە. ئێمە، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان هیوادارین لایەنە سوننەکان لەنێوان خۆیاندا رێکبکەون، نەوەک رووبکرێتە دۆخی نیشتمانی کە تێیدا رووبەڕووی گوشار و شەرمەزاری و چەندین بابەتی دیکە دەبینەوە."
 
سەبارەت بە لێکەوتەکانی بەرتیلی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، لیژنەیەکی پەرلەمانی و دەستەی دەسپاکی دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەش رەنگە ببێتە هۆی هەڵکشانی گرژیی زیاتر لەژێر گۆمەزی پەرلەماندا.
 
لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەراندا دیمەنەکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێک لێل و ئاڵۆزە، نوێترین سیناریۆش دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەبارەی رەوایی و ناڕەوایی دانیشتنەکەوە دەستپێدەکات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.

سوودانى: مەترسییەکانمان لەسەر عێراق دوورخستنەوە

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: حکومەتەکەى توانیویەتى مەترسییەکان لەسەر عێراق دوور بخاتەوە و داواى لە فەرماندە سەربازییەکانى نەینەوا کرد، جگە لە پیشەیی بوون مامەڵە بەهیچ پێوەرێکى دیکە نەکەن لە دابەشکردنى بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکاندا.