رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەڵێت، ئەمساڵیش پڕۆژەی ناسراو بە خۆراکی قوتابخانە لە عێراق جێبەجێ دەکرێت و نیو ملیۆن قوتابی لە نزیکەی هەزار قوتابخانە سوومەند دەبن.
کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 24-09-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ساڵی رابردوو پڕۆژەی خۆراکی قوتابخانە جێبەجێکرا. ئەمساڵیش جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش بە هاوکاری رێکخراوی خۆراکی جیهانی. پڕۆژەکە ناوچە هەژارنشینەکان دەگرێتەوە کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق دیاری کردوون".
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، پڕۆگرامەکە نزیکەی 500 هەزار قوتابی لە نزیکەی هەزار قوتابخانەی ژمارەیەک ناوچەی هەژارنشینی پارێزگا جیاوازەکانی عێراق دەگرێتەوە.
کەریم سەید باس لەوە دەکات، ئامانجی سەرەکی ئەو پڕۆژەیە پێدانی خۆراکی دروستە بە قوتابیانی چینی هەژار و ئاماژە بەوەش دەکات، وازهێنانی قوتابیانی لە خوێندن کەمکردووەتەوە.
خواردنەکە پێکهاتووە لە ئاو یان شەربەت، سەموون، پەنیر و میوە.
نزیکەی 13 ملیۆن قوتابی لە عێراق هەن. بەپێی داتای وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە 2022 رێژەی هەژاری لە عێراق 25٪ بووە.
گۆڤاری گلۆباڵ فاینەنس تایبەت بە پۆلێنە جیهانییەکان، مانگی نیسانی رابردوو لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، عێراق 78ـەمین وڵاتی جیهانە لە ریزبەندی وڵاتانی هەژاردا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ