رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا کورد لە پارێزگای سەڵاحەدین 4 پۆستی وەرگرتووە. دووانیان ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکێکی دیکەیان کۆمەڵی دادگەری و ئەوی دیکەش پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەیان دەبات.
رۆژی چوارشەممە 24-07-2024، یاسین داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە فراکسیۆنی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی، 3 پۆستیان لەو پارێزگایە وەرگرتووە، یەکێکان بەڕێوەبەری وەبەرهێنانە و دووانەکەی دیکە راوێژکاری پارێزگارن.
یاسین داودی گوتی، "ئەمین عەزیز لە پشکی یەکێتی بووەتە بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سەڵاحەدین، زانیار رەشاد لە پشکی یەکێتی بووەتە راوێژکاری پارێزگار بۆ کاروباری پیشەسازی؛ عەدالەت هەڵمەت کە ئەندامی کۆمەڵی دادگەرییە بووەتە راوێژکاری پارێزگار بۆ کاروباری کۆمەڵاتی و هۆزەکان."
لەبارەی هۆکاری ئەوەی کە بۆچی ئەو پۆستە بە کۆمەڵی دادگەری دراوە، یاسین داودی گوتی، ئەو حیزبە هاوپەیمانیان بووە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن دەشڵێ، گفتوگۆیان بەردەوامە بۆ ئەوەی پۆستی دیکەش وەربگرن، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی لەو بارەوە نەدراوە.
کاوە شێخانیش لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان راوێژکاری پارێزگاری سەڵاحەدینە بۆ کاروباری ئەمنی کە لە حکومەتی خۆجێیی رابردووشدا هەر ئەو پۆستەی هەبوو.
ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە 15 ئەندام پێکهاتووە و تەنیا یەک ئەندامی کوردە، ئەویش یاسین محەممەد عەلی جومعە داودییە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ