دادگەی فیدراڵی دوو سکاڵاکەی پەرلەمانتارەکەی پارتی رەتکردەوە

24-01-2024
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن دادگەی فیدراڵی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی فیدراڵی بە پاساوی "لەتایبەتمەندیێتی دادگەکە نییە" دوو سکاڵای رەتکردەوە، کە لەلایەن جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، لە دژی پێنەدانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر سێ وەزیری حکومەتی عێراق تۆمار کرابوو.
 
بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 24-01-2024) دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵا لەبارەی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، کە لەلایەن نەهرۆ رواندزی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمان، لە دژی وەزیرانی دارایی، نەوت و پلاندانانی عێراق تۆمار کرابوون.
 
دادگەکە بڕیاریدا هەردوو سکاڵاکە رەتبکاتەوە، هۆکاری رەتکردنەوەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی؛ بەپێی یاسای دادگەکە و دەستووری عێراق و یاسا بەرکار و کارپێکراوەکانی دیکەی پەیوەست بەوانەوە، ناوەڕۆکی دوو سکاڵاکە لەگەڵ کاری ئەواندا یەکناگرێتەوە و ناتوانێت بڕیاری تێدا بدات.
 
سکاڵای یەکەم ژمارە 329ـی/ فیدراڵی/2023ـی هەبوو، لە دژی تەیف سامی، وەزیری دارایی و محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان تۆمار کرابوو، سکاڵاکار داوای لە دادگە کردبوو، دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای خەرجیی کردەیی 15 پارێزگەکەی عێراق بە نادەستووری بزانێت، هەروەها وەزارەتی دارایی و پلاندانانی عێراقیش بە پرەنسیپی یەکسانی لە جێبەجێکردنی یاسای بودجە پابەند بکات، بەتایبەت پارەدارکردن لەسەر بنچینەی پارە بڕیارلێدراوەکان لە یاسای بودجە، هاوشێوەی پارێزگەکانی دیکەی عێراق.
 
یاسای بودجەى گشتی، کە لە 12ـی حوزەیرانی ساڵی 2023 لە پەرلەمان پەسندکرا و لە 26ـى هەمان مانگدا لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە؛ قەبارەکەی 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە، بەڵام دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە، کێشە کەوتە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، محەممەد شیاع سوودانی لیژنەیەکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە پێکهێناوە.
 
خەرجی کردەیی "الانفاق الفعلي"، بریتییە لە خەرجییەکانی تایبەت بە مووچەی مووچەخۆران و خەرجییەکانی تایبەت بە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەو چەمکە لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی سەردەمی پۆڵ برێمەر، حاکمی مەدەنیی عێراق لەدوای ساڵی 2003ـەوە هەیە، بەپێی ئەوە پشت بە خەرجیی پارێزگەکانی دیکەی عێراق دەبەسترێت بۆ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
 
سکاڵای دووەمی نەهرۆ رواندزی، ژمارە 330ـی فیدراڵی 2023ـی هەبوو، لەدژی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت تۆمارکرابوو، تێیدا سکاڵاکار داوای کردبوو؛ دادگە رێکارەکانی وەزارەتی نەوت لە دیاریکردنی بڕ و نرخی بەرهەمە نەوتییەکانی فرۆشراو بە هەرێمی کوردستان بە نادەستووری بزانێت و، وەزارەتی نەوت پابەند بکات بە پرەنسیپی یەکسانی لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە سەرجەم پارێزگەکانی عێراق و بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگەکانی دیکەی عێراق دابین بکات و بەهەمان نرخی پارێزگەکان.
 
جیاوازیی زۆر دیار لە دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە پارێزگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە نرخی بەنزین و نەوتی ماڵاندا هەیە. لە پارێزگەکانی عێراق نرخی لیترێک بەنزین بە 450 دینارە، بەڵام جۆرە جیاوازەکانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان تاوەکو 1200 دیناریش دەڕوات بۆ یەک لیتر.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق.

فوئاد حوسێن: داعش لە سووریا چەکى نوێى دەستکەوتووە

وەزیرى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، خوازیارن پرۆسەیەکى سیاسی لە سووریا بونیاد بنرێت کە بەرهەمى گەلى سووریا بێت؛ "رێکخراوى داعش لە سووریا گەشەى کردووە و چەکى نوێی دەست کەوتووە."