رووداو دیجیتاڵ
ئەو پیاوەی دوێنێ لە نەجەف ژنەکەی خۆی سەربڕی، ئەمڕۆ لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی موسەننا دەستگیرکرا و رادەستی پۆلیسی نەجەف کرا. پیاوەکە دانی بە تاوانەکەدا ناوە گوتوویەتی، "نەمویستووە هاوژینەکەم وانەی تایبەت بڵێتەوە."
رۆژی دووشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2024، عەقید موفید تاهیر، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای نەجەف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوێنێ پیاوێک لە نەجەف هاوژینەکەی خۆی بەهۆی هەندێک کێشەی خێزانییەوە سەربڕیوە، دوای هەڵهاتنی ئەمڕۆ دەستگیرکراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە."
هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنیی پارێزگاکە بە رووداوی گوت: "ئافرەتەکە کە ناوی (هـ. ک) لەکاتێکدا لەنێو ماڵەکەی خۆی خەریکی وانەگوتنەوەی تایبەت بووە بە چەند قوتابییەک، هاوژینەکەی بەناوی (ن. ف) بە چەقۆ و بە بەرچاوی قوتابییەکانەوە سەری بڕیوە."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و هۆکاری تاوانەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە ئەو نەیویستووە هاوژینەکەی لە ماڵەوە وانەی تایبەت بڵێتەوە، بەڵام ئەو بە قسەی نەکردووە، بۆیە کوشتوویەتی."
هەر سەبارەت بەو رووداوە، ئەمڕۆ دووشەممە 23-09-2024 وەزارەتی نێوخۆی عێراق لە پەڕەی فەرمی خۆیان لە فەیسبووک بڵاویانکردەوە، ئەو کەسەی تۆمەتبار بوو بە کوشتنی ژنەکەی لە نەجەف، لە کاتی هەڵاتنیدا لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە موسەننا دەستگیر کراوە و رادەستی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە نەجەف کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ