رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتى نیشتمانیی شیعە داواى خۆپێشاندانى ملیۆنى بۆ پاڵپشتیکردنى گەلى فەلەستین دەکات. ئەو داوایەى موقتەدا سەدر لە رێگەى راگەیێندراوێکەوە بوو کە ئەمڕۆ هەینى 23ى ئاب بڵاویکردوە.
موقتەدا سەدر داوایکردووە کە ئەو خۆپێشاندانە لە 17ى مانگى رەبیعولئەوەل (20ى ئەیلوول) لە گۆڕەپانى تەحریری بەغدای پایتەختی عێراق بکرێت، کە دەکاتە یەکەم رۆژى هەینى ئەو مانگە عەرەبییە.
رێبەری رەوتى نیشتمانیی شیعە ئاماژەى بەوەداوە، ئەو خۆپێشاندانە مەدەنییانە دەبێت، بۆ ئەوەى دەنگیان بگاتە جیهان وەک هاوسۆزی و پاڵپشتییەک بۆ هاووڵاتییانى غەززە و دەڵێت: "تکایە کەمتەرخەم نەبن لەوەدا."
لە 7ى تشریمى یەکەمى 2023 ەوە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەى حەماسى فەلەستینى دەستپێکرد، ئەمەش دوای ئەوەی بزووتنەوە فەلەستینییەکە هێرشی کردە سەر چەند ئۆردووگایەکی جوونشین لە ئیسرائیل، لە بەرامبەردا ئیسرائیل بە تووندی وەڵامی حەماسی دایەوە و ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر غەززە دەستیپێکرد. بەهۆیەوە زیاتر لە 40 هەزار کەس لە کەرتى غەززەدا کوژران.
موقتەدا سەدر داوا لە بەشدارانى ئەو خۆپێشاندانە دەکات بەگوێرەى توانا کفن لەبەر بکەن.
ئەوە یەکەم جار نییە، سەدر داوای خۆپێشاندانی یەک ملیۆنی بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەکان دەکات. رۆژی 13-10-2023 لایەنگرانی سەدر لەسەر داوای رێبەرەکەیان لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا گردبوونەوە و خۆپێشاندانیان بۆ پشتیوانیی غەززە و حەماس کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ