لە نەینەوا 500 پۆلیسی دیکە بە گرێبەست دادەمەزرێن

23-01-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای نەینەوا 500 کەسی دیکە کە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان هەیە، بە گرێبەست دەخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆی عێراق و دەبنە پۆلیس و بەشێکیان کوردن.
 
محەممەد جاسم، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، پێنجشەممە، 23-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو 500 کەسە پێشتر مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە، چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە و بەم نزیکانە مەشق و راهێنانی یەک مانگەیان پێدەکرێت، تاوەکو بە گرێبەست لە وەزارەتی ناوخۆ دابمەزرێن و دەبنە پۆلیس.
 
بەگوتەی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، 60 بۆ 70 کەسیان کوردن.
 
جگە لەو 500 کەسە، پێشتریش بە دوو کاروان 946 کەس کە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان وەردەگرت، لەسەر میلاکی پۆلیسی موسڵ بە گرێبەست دامەزرێندراون.
 
محەممەد جاسم، کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، گوتی: "ئەوانە پێشتر 250 هەزار دیناریان وەکو مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرت، بەڵام ئێستا کە دەبنە پۆلیس مووچەکەیان دەبێتە 500 دوای سێ ساڵیش، دەبنە هەمیشەیی."
  
بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی نەینەوا، ناوی ئەو کەسانەی ئارەزووی بوونە پۆلیسیان هەیە، بە لیست رەوانەی پۆلیسی نەینەوا دەکات. پۆلیسیش دوای چاوپێکەوتن و دڵنیابوون لە گونجاوی تەمەن و توانای جەستەیی و سەرکەوتنیان لە تاقیکردنەوەکان، بە گرێبەست دایاندەمەزرێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە