ئەمریکا هێرشی کردە سەر سێ بنکەی کەتایب حیزبوڵڵا لە بابل

24-01-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و لە تۆڵەی هێرشی سەر بنکەکەیان لە عەین ئەسەد، هێزەکانی ئەمریکا سێ بنکەیان بۆردوومان کرد کە دەڵێن لەلایەن گرووپی کەتایب حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی سەر بە ئێرانەوە بەکار دەهێندران. 
 
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێرشانە وەڵامێکی راستەوخۆن بۆ زنجیرەیەک هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا لەلایەن ئەو هێزانەوە کە ئێران سپۆنسەریان دەکات. 
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئەوەشی گوتووە کە خۆی و سەرۆکی ئەمریکاش دوودڵ نابن لە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانیان و بەرژەوەندییەکانیان. هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەدوای ئەوەوە نین گرژییەکان لە ناوچەکە زیاد بکەن. 
 
بەپێی راگەیێندراوی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بێت، ئەو سێ بنکەیەی کراونەتە ئامانج شوێنی راهێنانکردن لەسەر هاویشنی مووشەک و درۆن و کۆگە بوون. 

 
تاوەکو ئێستا ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی کوژراو و برینداران بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، کەسێک کوژراوە و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "ئێمە بەتەواوی ئامادەین بۆ گرتنەبەری رێکاری زیاتر بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان و بنکەکانمان." بۆیە داوا لەو گرووپانە و لە "پاڵپشتیکارەکەیان کە ئێرانە" دەکات، "دەستبەجێ هێرشەکان بووەستێنن."
 
لە سەرەتای ئەم هەفتەیە بە نزیکەی 20 مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیربوون. پێنتاگۆن رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەوە زیانی مادی کەوتووەتەوە، هەروەها چوار سەربازیان پشکنینیان بۆ کراوە و پاشان گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان. هاوکات ئەفسەرێکی عێراقیش بریندار بووە. 

ئەمریکا سیستمی پاتریۆتی لە بنکەکە هەیە، بەڵام دوو مووشەک لە سیستمەکە دەربازیان بوو و هێزەکانیان بە ئامانج گرت. دواتر کەتایبی حیزبوڵڵای عێراق و نوجەبا بەرپرسیاریێتی خۆیان لە هێرشەکە راگەیاند. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە