رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، دۆسیەی ناوچە قەدەخەکراوەکانی لە ئاسمانی وڵاتەکە کۆتایی پێهێناوە و ئێستا سەرجەم ناوچەکان بۆ گەشتی مەدەنی ئامادەن.
ئیهاب سەعد کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان و گەشتە ئاسمانییەکانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، رۆژی هەینی (18ـی ئەیلوولی 2026) کە تۆڕی میدیایی رووداوی ئامادەی بوو رایگەیاند: "ئەو ناوچە ئاسمانییانەی کە پێشتر لە بەشی رۆژئاوای عێراق سنووردار کرابوون یان فڕین تێیاندا قەدەخە بوو، وەرگیرانەتەوە و ئێستا بۆ فڕینی فڕۆکە مەدەنییەکان ئامادەکراون."
ئەم گوتانەی ئیهاب کەریم، بە بۆنەی نزیکبوونەوەی 30ی ئەیلوول، دوا وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق بوو کە خۆی بە رۆژی (سەروەریی نیشتمانی) پێناسەی کرد.
ئیهاب کەریم راشیگەیاند: "چیدیکە ناوچە ئاسمانییە سەربازییەکانی عێراق بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەکارناهێنرێن، لە نێو رێبەری سەربازی لادەبرێن، ئەمەش دەرفەتێکی زیاتر دەدات بە کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانی بۆ ئەوەی ئاسمانی عێراق وەک رێڕۆیەکی ئارام و کورتتر بۆ گەشتەکانیان بەکاربهێنن".
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی عێراق گوتی: "لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین لەگەڵ نووسینگەی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ نوێکردنەوەی رێبەری گەشتی ئاسمانیی عێراق".
بەرپرسەکەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتیشی :"ئەم هەنگاوە وەک دەستکەوتێکی گرنگ بۆ کەرتی گەشتیاریی ئاسمانیی عێراق سەیر دەکرێت، چونکە یارمەتیدەر دەبێت لە زیادکردنی داهاتی ترانزێت و کەمکردنەوەی گوشار لەسەر ئەو رێڕۆ ئاسمانییانەی کە پێشتر هەبوون".
لە وەڵامی پرسیاری شکۆ عومەر، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا لە بارەی دەستپێکردنەوەی گەشتی راستەوخۆی نێوان عێراق و وڵاتانی ئەورووپی، ئیهاب کەریم گوتی:" دەست بە رێکارەکان دەکەین و سەروەریی فڕین ئێستا لای عێراقە، ئەو رێکارانەی ئێستا تەواو دەکرێن تەنیا وەک ئامادەکارییەک بۆ نوێکردنەوەی رێبەری گەشتی ئاسمان، تاوەکو کۆمپانیاکان بزانن و دەست بە کارەکانیان بکەن".
ئاسمانی عێراق بۆ ماوەی چەندین ساڵ، بەتایبەت لە دوای شەڕی دژی داعش، بەشێکی زۆری وەک (ناوچەی سنووردار) یان (قەدەخەکراو) بۆ گەشتی مەدەنی مابووەوە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
کرانەوەی تەواوی ئاسمانی عێراق، جگە لە لایەنە ئەمنییەکەی، سوودێکی ئابووریی زۆری بۆ عێراق هەیە، چونکە کۆمپانیاکانی فڕینی جیهانی بۆ تێپەڕبوون بە ئاسمانی هەر وڵاتێک دەبێت پارە بدەن، کە ئەمەش سەرچاوەیەکی داهاتی گرنگە.
