دادگەی فیدراڵی لەسەر سکاڵاکانی تایبەت بە مووچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

22-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵای تایبەت بە "پێدانی مووچەی لەوادەی خۆی" و "دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە"ـی فەرمانبەرانی کوردستانەوە کۆببێتەوە، یەکێک لەو فەرمانبەرانەی سکاڵای تۆمارکردووە، دەڵێت، "چاوەڕوانین دادگە بڕیاری کۆتایی لەسەر دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بدات."
 
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی کۆبوونەوەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 24-12-2023، دادگە بۆ تاوتوێکردنی چوار سکاڵا کۆببێتەوە دووانیان پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە، یەکێکیان بە نادەستووری بوونی بڕیاری راگرتنی پلەبەزرکردنەوەی فەرمانبەرانە، سکاڵاکە لەلایەن هەریەک لە ئەژی بەرزان عارف، محەممەد حوسێن کەریم، خەبات لەتیف مارف، نەجمەدین محەممەد ساڵح، دلاوەر عەلی محەممەد ساڵح، ئاوات ئازاد محەممەد، دڵشاد محەممەد ئەمین سەعید، سامان عەلی ساڵح و رێبوار باهر ئەحمەد تۆمارکراوە، کە فەرمانبەر و مامۆستان لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
لە سکاڵاکەیاندا کە ژمارە 247ـی فیدراڵیی ساڵی 2023ـی هەیە، سکاڵاکاران داوایانکردووە حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پابەند بکرێن بە جێبەجێکردنی دروستی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتیی ژمارە 22ـی ساڵی 2018ـی هەموارکراوی فیدراڵی وەک خۆی، بەتایبەت مادەکانی (6، 7، 8، 9)ـی یاساکە و ئەو بڕیار و رێنماییانەی لە حکومەتی کوردستانەوە لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەرچوون، هەڵبوەشێنێتەوە.
 
نەجمەدین شێخ ساڵح، یەکێک لەو کەسانەی سکاڵاکەی تۆمارکردووە، رۆژی هەینی، 22-12-2023، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی یەکشەممە لە دادگەی فیدراڵی دەبین و ئومێد دەکەین و چاوەڕوانین دادگە بڕیار بدات لەسەر دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران کە بە ناڕەوا راگیراوە."
 
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی داعش لە ساڵی 2014 و بڕینی بەشە بودجەکەی لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی ئەو گوشارە ئابوورییەی لەسەری دروستبوو، لەوانە پاشەکەوتکردنی مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران.
 
دانیشتنەکەی دادگەی فیدراڵی لەکاتێکدایە، رۆژی 10-9-2023، دادگەکە سکاڵایەکی رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێی تایبەت بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە، کە داوای کردبوو دادگە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 56ـی ساڵی 2015ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بدات، کە بەپێی ئەو بڕیارە، سەرجەم پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راگیرا.
 
سکاڵای دووەم کە بڕیارە دادگەی فیدراڵی رۆژی یەکشەممە، 24ـی کانوونی یەکەم تاوتوێی بکات، لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە تۆمارکراون لەنێویاندا د.رەعد رەفعەت، سەرۆکی بۆردی توێژینەوەی دەزگای ستاندەر، بەدەل بەرواری، ئاکۆ محەممەد مەحموود، عەلی ئەحمەد عەلی بابان، تێیدا داوایانکردووە دادگەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی بڕگەی دووی مادەی 12 و هەشتەمی مادەی 13ـی یاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و2025  پابەند بکات و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدرێت و مانگانە مووچەکانیان بەبێ دواکەوتن وەربگرن. 
 
دوای ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەبارەی شایستە داراییەکانی کوردستانەوە کێشە کەوتووەتە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەهۆی ئەو ناکۆکییە و راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ نزیکەی نۆ مانگ دەبێت، مووچەی مانگی تشرینی یەکەم و دووەم و کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا دابەشنەکراوە و وادەی دابەشکردنیشی نادیارە. حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندییش، بەردەوامن لە تۆمەتبارکردنی یەکدی لەوەی هۆکاری جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەن و پابەندییەکانیان بەرامبەر بەوی دیکە جێبەجێ ناکەن.
 
یاسای بودجەى گشتی، کە لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا و لە 26ـى هەمان مانگدا لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە؛ قەبارەکەی 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت