رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: "بڕیارماندا ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 48 کاژێر درێژبکەینەوە؛ بۆیە بەربژێرەکان دەتوانن تاوەکو کاژێر 6ی بەرەبەیانی رۆژی شەممە (9/10/2021) بانگەشەی ئازاد بکەن".
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 22-9-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بە پشتبەستن بە ماددەی (22)ی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ژمارە (9)ی ساڵی 2020، بڕیاریدا رێگە بەو بەربژێرە پەسەندکراوانە بدات کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 2021 بەشدارن تاوەکو کاژێر 6ی بەرەبەیانی رۆژی شەممە (9/10/2021) بانگەشەی ئازاد بۆ خۆیان بکەن".
لە دەقی ماددەی (22)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ژمارە (9)ی ساڵی 2020 دا هاتووە؛ دەبێ بانگەشەی هەڵبژاردن پێش 24 کاژێر لە دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان بوەستێت.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (8/7/2021) ەوە رێگەی بە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی بەربژێرەکان دا؛ ئەوکات کۆمیسیۆن دەنگدانی تایبەتی کردبووە بنەما بۆ جێبەجێکردنی دەقی یاسای هەڵبژاردن، بۆیە کۆمیسیۆن پێشتر رایگەیاندبوو کە بانگەشەی هەڵبژاردنی بەربژێرەکان تاوەکو کاژێر 6ی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە (7/10/2021) بەردەوام دەبێت، چونکە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە بەرواری 8/10/2021 بەڕێوەدەچێت؛ بەڵام کۆمیسیۆن لە بڕیارە نوێکەی ئەمڕۆیدا دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە 10/10/2021 کردووەتە بنەما بۆ جێبەجێکردنی یاساکە.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێ، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری 2021 دا مافی دەنگدانیان هەیە 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 کەسە، کە لە 8 هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگدەدەن.
لەو هەڵبژاردنەدا 3244 بەربژێر بەشدارن؛ بەشێکیان سەربەخۆ و بەشێکی دیکەشیان بەربژێری 21 هاوپەیمانی و 109 پارت و لایەنی سیاسین، ئەو بەربژێرانەش رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی پەرلەمان.
پێشتر ژمارەی بەربژێرە بەشدارەکان لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق 3249 بەربژێر بوون، بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان 5 لەو بەربژێرانەی بە تۆمەتی جیاجیا دوورخستەوە، تۆمەتەکانیش بریتین لە سەرپێچی رێساکانی بانگەشەکردن، پێشکەشکردنی بڕوانامەی ساختە، کڕینی کارتی دەنگدان.

.jpeg&w=3840&q=75)

