وەزارەتی دارایی عێراق: رۆژانی پشووەکان دەوامبکرێت بۆ پێدانی مووچەی ئەم مانگە

21-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، رۆژی هەینی و شەممەی ئەم هەفتەیە بەشی ژمێریاریی وەزارەت دەوام دەکات بۆ تەواوکردنی پارەدارکردنی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ.
 
سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هێشتا چارەنووسی مووچەی سێ مانگی ئەم ساڵ دیارنییە و رەتیدەکاتەوە گەنجینەکان داوای ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی 1ـی ساڵی داهاتوویان کردبێت."
 
رۆژی پێنجشەممە، 21-12-2023، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا داوای لە یەکەکانی خەرجی لە وەزارەت و پارێزگاکان کرد رۆژانی هەینی و شەممە، 22 و 23ـی ئەم مانگە سەردانی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەت بکەن بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی پارەدارکردنی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023ـی مووچەخۆرانی عێراق.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەزیری دارایی داوای کردووە دەوامی فەرمانبەرانی فەرمانگە پەیوەستەکان بە رێکارەکانی پارەدارکردنی مووچە لە رۆژانەی پشووی فەرمی تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بەبێ راوەستان دەوامی خۆیان بکەن".
 
لەبارەی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی رایگەیاند، "تائێستا وەزارەتی دارایی هیچ داوایەکی بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچە نەکردووە."
 
سەبارەت بە چارەنووسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەم ساڵ (تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم)، گوتی، "هێشتا وەزارەتی دارایی ئەوەی نەگوتووە کە ئەو سێ مانگە نادرێت و لە ساڵی نوێوە مووچەی مانگی یەک دابەشدەکرێت، بۆیە هیچ رێنماییەکمان لەبارەی مووچەی ئەم سێ مانگە پێنەگەیشتووە و نازانین ساڵی نوێ لیستی مووچەی مانگی یەکەمی ساڵی 2024 دابەشدەکرێت، یان مووچەی مانگەکانی ساڵی 2023."
 
ئەوەشی رەتکردەوە وەزارەتی دارایی پێیگوتبێتن ساڵی داهاتوو مووچەی مانگی کانوونی دووەم دابەشدەکرێت و مووچەکانی سێ مانگی کۆتایی ئەم ساڵ لادەدرێت.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2023، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستکراوە بە رێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ (مانگی 12ـی ساڵی 2023) و داوای لە یەکەی خەرجی لە وەزارەت و پارێزگا و لایەنە ناپەیوەستەکان پێیانەوە کردووە سەردانی فەرمانگەی ژمێریاری بکەن بۆ تەواوکردنی پێدانی مووچەی ئەم مانگە.
 
رۆژی چوارشەممە، 20-12-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، دواتر لە راگەیێندراوێکدا جەختی لەوە کردەوە کە "مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدڕاڵە لە ساڵی نوێی 2024 ئەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێکەڵی ناکۆکیيە سیاسی و پابەندییەکانی دیکە نەکات و مووچەخۆرانی هەرێمیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەكانيان لەکاتی خۆی وەربگرن کە ئێستا بەداخەوە بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم، مووچەی سێ مانگی ئەم ساڵ خەرج نەکراوە و بارگرانیی دارایی و ئابووری بۆ مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێم دروست کردووە کە بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدڕاڵە مووچەی مووچەخۆران بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێرێت".
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە نزیکەی 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و بۆ دابەشکردنی مووچە، پشت بە داهاتی نێوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترێت عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت