رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بەرگریی شارستانیی عێراق تاوەکو کۆتایی وەرزی گەرما و بۆ سێ مانگ دەخرێتە ئامادەباشیی تەواو. بڕیاریش دراوە سەرجەم ئەو شوێن و پڕۆژانەی بە زێدەڕۆ و پێشێلکاری دروستکراون دابخرێن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی بەسرەش لە کارەکەی دووردەخرێتەوە.
رۆژی هەینی 21-06-2024 عەبدولئەمیر شممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی بەغدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی بەرگریی شارستانیی پارێزگاکانی عێراق کۆبووەوە و ژمارەیەک بڕیاریان دا.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، ئامادەبووان راپۆرتێکیان لەبارەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەوە خراوەتە بەردەست، دوای تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی وەڵامدانەوەی خێرای رووداوەکان و هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ، بڕیاردرا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی لە پارێزگاکانی عێراق بۆ سێ مانگ و تاوەکو کۆتایی وەرزی هاوین بخرێنە باری ئامادەباشیی تەواو لە "ج"ەوە، جگە لەوەی لیژنەیەک پێکدەهێندرێت بۆ داخستنی سەرجەم ئەو شوێن و پڕۆژانەی سەرپێچی و زێدەڕۆن.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی بەسرە دووربخرێتەوە و کەسێکی دیکە بخرێتە شوێنەکەی، چونکە بەپێی راگەیێندراوەکە، دوورخستنەوەی ئەو بەڕێوەبەرە بەهۆی کەمتەرخەمی و کەمتوانایی و زۆریی رووداوەکان بووە لەو پارێزگایەدا، هەروەها وەزیری ناوخۆ یەک مانگ مۆڵەتی دایە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی لە هەردوو بەرەی کەرخ و رەسافەی بەغدا بۆ کەمکردنەوەی ئاگرکەوتنەوە لەو دوو ناوچەیەی بەغدا.
بەپێی بەرگریی شارستانیی عێراق، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو 13,600 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە 15 پارێزگای عێراق تۆمار کراون، 48%ی ئەو ئاگرانە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بوون. ساڵی رابردووش 32,477 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق تۆمار کرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ