رووداو دیجیتاڵ
خۆپێشاندەران جارێکی دیکە هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا و، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە چوونە نێو باڵیۆزخانەکە و بەشێکیان سووتاند.
لەوبارەوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بە تووندترین شێوە سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوێد سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، ئەو کارە پەلاماردانی نێردەی دیپلۆماسی و هەڕەشەکردنە بۆ سەر ئاسایشیان.
حکومەتی عێراق داوای لە لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان کردووە لێکۆڵینەوەی بەپەلە بکەن و رێکاری تووندی ئەمنی بگرنەبەر و وردەکارییەکانی رووداوەکە ئاشکرا بکەن، هەروەها ناسنامەی ئەو کەسانە دیاری بکەن کە ئەو کارەیان کردووە و بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکەن.
هەڵکوتانەسەر باڵیۆزخانەکە و سووتاندنی لە دوای ئەوەدێت؛ حکومەتی سوێد رەزامەندیی لەسەر بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد دەربڕی بۆ سووتاندنی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا لە نزیک باڵیۆزخانەی سوێدەوە گوتی هێزێکی ئێجگار زۆری ئەمنی لە شەقامەکاندا لەنزیک باڵیۆزخانەی سوێد بڵاوەیان پێکراوە. هەرچەندە خۆپیشاندەران ئێستا باڵیۆزخانەکەیان جێهێشتووە، بەڵام هەڕەشەی ئەوەیان کردووە ناهێڵن جارێکی دیکە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە عێراق بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ