رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیامێکدا بۆ گەلی عێراق رایدەگەیێنێت، لە ماوەی 5 مانگ لە دەستبەکاربوونی کابینەکەی، سەرجەم وەزارەتە بەتاڵەکان پڕکراونەتەوە و جێگرانی سەرۆکوەزیرانیش دەستنیشان کراون. هەروەها جەختی کردەوە کە قۆناخــێکی نوێ لە کاری خێرا و بەردەوام دەستپێدەکات بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتەکەی لە چەند مانگی رابردوودا لە بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆزی ناوخۆیی و دەرەکیدا کاری کردووە؛ بەتایبەت جەنگی ناوچەکە کە ئاڵنگاریی تووندی ئابووری و ئەمنی بەسەر وڵاتدا سەپاندووە و پێویستی بە هۆشیاری و بەرپرسیارێتیی باڵا بووە.
زەیدی رایگەیاند: "سەرەڕای هەموو ئەو ئاڵۆزییانە، بە متمانە و پێداگرییەوە کارنامەی وەزاریی پەسندکراومان لەلایەن پەرلەمانەوە جێبەجێ کردووە، بە بڕیارێکی تۆکمەوە رووبەڕووی گەندەڵی بووینەتەوە و هەنگاوی مێژووییمان ناوە بۆ بەهێزکردنی سەروەریی وڵات و سەربەخۆیی بڕیارەکانمان، تاوەکو دەگاتە کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق."
سەبارەت بە تەواوبوونی کابینەی وەزاری، سەرۆکوەزیران روونی کردەوە کە دانانی جێگران و پڕکردنەوەی وەزارەتەکان پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ توانای حکومەت لە بەڕێوەبردنی دۆسیە نیشتمانییەکان و گوتی: "ویستی گەلی عێراق وا دەخوازێت هەوڵەکانمان دوو هێندە بکەین و پلان و بڕیارەکان بگۆڕین بۆ ئەنجامێکی بەرچاو کە هاووڵاتی لە ژیانی رۆژانەیدا هەستی پێبکات."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عەلی فالح زەیدی سوپاسی پەرلەمان و هێزە سیاسییەکانی کرد بۆ هاوئاهەنگیــیان لە تەواوکردنی پێکهاتەی حکومەت و داوای لە جێگران و وەزیرە نوێیەکان کرد بەوپەڕی دەستپاکی، کارامەیی و گیانی یەک تیمی کار بکەن بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق، تاوەکو چیدیکە پڕۆسەی خزمەتگوزارییەکان پەکیان نەکەوێت.


