مەحموود مەشهەدانی: نەورۆز دەرفەتێکە بۆئەوەی ئاهەنگی یەکڕیزی بگێڕین

دوێنێ کاژێر 08:18
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاندووە: "بە بۆنەی جەژنی نەورۆز، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کورد و هەموو رۆڵەکانی گەلی عێراق دەکەم. نەورۆز، جەژنی بەهار، خێر، گەشەکردن و ئاهەنگگێڕانە بە نوێبوونەوە و سەرەتایەکی نوێ."
 
مەحموود مەشهەدانی بڕوای وایە، نەورۆز دەرفەتێکە بۆ هەمووان بۆئەوەی ئاهەنگی یەکڕیزی و ئەو هەمەڕەنگییە بگێڕن کە عێراقی پێناسراوە.
 
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە: "شانازی بە هەمەجۆری پێکهاتەییەوە دەکەین کە وایکردووە عێراق لە رووی رۆشنبیری و کولتوورییەوە دەوڵەمەند بێت؛ شانازیش بە مێژووی هاوبەشمانەوە دەکەین و کاردەکەین بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ هەمووان."
 
مەحموود مەشهەدانی هیواخوازە ئەم بۆنە و ئاهەنگانە ببنە دەرفەتێک بۆ هەمووان "بۆ پتەوکردنی پەیوەندی نێوانمان و دووپاتکردنەوەی یەکڕیزی عێراق و هەمەڕەنگییەکەی."
 
چەند رۆژێکە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان دەستیان پێکردووە، بەڵام بەشی زۆری باشووری کوردستان ئەم ئێوارەیە جەژنی نەورۆز دەگێڕێت. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە