رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بەرگریى عێراق گرێبەستى کڕینى هەشت سەکۆى مووشەکى بەرگریى ئاسمانی لە کۆمپانیایەکى کۆریاى باشوور واژۆ کرد، بە گوتەى جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمان، یەکەمجارە دواى ساڵی 1991 عێراق ئەو جۆرە مووشەکە بکڕێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی ئەیلوول گرێبەستى کڕینى ئەو سەکۆى مووشەکانە لە وەزارەتى بەرگریى عێراق واژۆ کرا، سابت عەباسی، وەزیرى بەرگرى و چۆى سۆنگ سوو، باڵیۆزى کۆریاى باشوور لە عێراق ئامادەى بوون.
سابت عەباسی، وەزیرى بەرگریى عێراق رایگەیاند، کڕینى ئەو سەکۆى موشەکیانە گۆڕانێکى جۆریى ستراتیژیى بەرگریى ئاسمانى عێراق دەبێت و دەتوانێت هەموو ئاسمانى عێراق بپارێزێت و هاوسەنگى هەرێمیى بۆ وڵات دەستبەر دەکات".
ئەو هەشت سەکۆى موشەکییە لە جۆرى (M-SAM)ى دروستکراوى کۆمپانیاى بیلاجى کۆریاى باشوورە، مەوداکەى مامناوەندە.
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەوە یەکەمجارە دواى ساڵى 1991 عێراق سەکۆى مووشەکى لەو جۆرە بکڕێت، بەهۆى ئەو سزایانەى لەسەرى بووە، ئێستاش جگە لە موشەکى کورتهاوێژ و مامناوەند، ناتوانێت موشەکى دوورهاوێژ بکڕێت".
بە گوێرەى گرێبەستەکە، یەکەم سەکۆى مووشەکى ساڵى 2025 دەگاتە عێراق، لە ناوەڕاستى ئەو ساڵەدا وەزارەتى بەرگرى تیمێک دەنێرێتە کۆریاى باشوور، بۆ ئەوەى مەشق لەسەر بەکارهێنانى بکەن.




