رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا تەنیا پشت بە کارتی نیشتمانی ببەسترێ و وەزارەتی ناوخۆی عێراقیشی راسپارد هەموو ئاسانکارییەک بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بکات.
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆی عێراق و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی کرد.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تاوتوێ کران.
زەیدی ستایشی کارەکانی کۆمیسیۆنی کرد لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی پێشوودا و داوای کرد ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ پڕۆسەکانی داهاتوو دەستپێبکەن؛ گوتیشی: "پاراستنی دەنگی هاووڵاتی وەک پاراستنی دواڕۆژی وایە. هەرکەسێک خاوەنی دەنگی خۆی بێت، خاوەنی دواڕۆژی خۆیەتی."
سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنمایی دا کە لەمەودوا ناسنامەی کارتی نیشتمانی دەبێتە بەڵگەی فەرمی بۆ دەنگدان، هەروەها وەزارەتی ناوخۆی عێراقی راسپارد کە هەموو زانیاری و داتاکان بخاتە بەردەم کۆمیسیۆن بۆ کارئاسانیی پڕۆسەکە. عەلی زەیدی گوتی، بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی دەبێتەهۆی وردبوون لە داتاکان و کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان لە کاتی دەنگداندا.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رێکارە تەکنیکی و کارگێڕییەکان کرا بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە کاتی دیاریکراودا و هاوئاهەنگی زیاتری نێوان لایەنە ئەمنی و کارگێڕییەکان بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنەکان.



