راوێژکارێکی سوودانی: هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر بەرهەمی نێوخۆیی هەبووە

دوێنێ کاژێر 11:26
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بووەتە بەربەست لە بەردەم چۆنیەتی هەژمارکردنی پشکی عێراق، لە رێژەی بەرهەمهێنان لە رێکخراوی ئۆپیک پڵەس و کاریگەری لەسەر گەشەی بەرهەمی نێوخۆییش هەبووە.
 
د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بووەتە بارگرانی و بەربەست لە بەردەم چۆنیەتی هەژمارکردنی پشکی عێراق، لە رێژەی بەرهەمهێنان لە رێکخراوی ئۆپێک پڵەس. ئەمە جگە لەوەی ئەم راگرتنە کاریگەری لەسەر رێژەی گەشە لە بەرهەمی گشتیی نێوخۆیی، هەیکەلی داهات و خەرجییە گشتییەکان لە بودجەی فیدراڵیدا هەبووە."
 
د. مەزهەر محەممەد گوتیشی، "نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە سامانە سروشتییەکانی عێراق، کە لە بودجە سێ ساڵییەکەدا رێکخراوەتەوە. سەرچاوەکانی نەوتی عێراق و دارایی گشتیی فیدراڵیش پێکەوە بەستراونەتەوە؛ بەتایبەتی دابەشکردنی داهاتی سەرچاوە نەوتییەکان لە بودجەی گشتییدا، کە لەنێوان بەغدا و هەرێم بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان کراوە، لەچوارچێوەی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراقی فیدراڵیدا."
 
ئەو راوێژکارەی سوودانی پێیوایە، هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، بووەتە بناخەیەکی تۆکمە و لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش، بەرەو دەرکردنی یاسایەکی فیدراڵی نەوت و گاز، لەگەڵ کێشانی نەخشە رێگایەکی روون بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکانی وڵات.
 
پەرلەمانى عێراق، رۆژی دووى شوباتى 2025، یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسندکرد. هەموارەکە بڕگەى (ج) لە بەندى یەکەمى مادەى 12ـى یاساکەى هەڵوەشاندەوە و داڕشتەیەکى نوێى جێگیر کرد.
 
هەموارەکە تایبەتە بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە 16 دۆلاری وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری لە 60 رۆژدا نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات.
 
ئەمڕۆش لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمان میواندارى باسم محەممەد خزەیر، بریکارى وەزارەتى نەوت بۆ کاروبارى دەرهێنان و تیمى تایبەتى ئەو وەزارەتەى کرد، بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنى هەموارى مادەى 12ـی یاساى بودجەى گشتیى عێراق.
 
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق دواى کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەڤانانى گوت: "بریکارى وەزارەتى نەوت، بەڕێوەبەرانى گشتیى ئابوورى، یاسایی، کۆمپانیاى نەوتى باکوور، کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ ) میوانداری کران وردەکارییان لە بارەى ئەو پرسە باس کرد، بە قسەی ئەو بەرپرسانە بێت هەفتەى دهاتوو هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکاتەوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە