رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی تورکمان بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، هەفتەی داهاتوو، سەرۆکی بەرەی تورکمانی دەبێتە وەزیر و تاوەکو ئێستا بەربژێری تورکمان بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دیاری نەکراوە، بەڵام پەلە دەکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی. راشیگەیاند، لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکان لەمبارەیەوە سازان دەکەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە سەرۆکایەتیی محەممەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و پارێزگاری کەرکووک و بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی تورکمان، لە لقی رێکخستنەکانی بەغدا-ی بەرەی تورکمانی، کۆبوونەوە.
ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی تورکمان، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، یەکێک لە تەوەری کۆبوونەوەکان، ئامادەکارییەکان بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیر لە پشکی تورکمان، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەرەی تورکمانی، محەممەد سەمعان ئاغا-ی بەربژێر کرد بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە.
هەرچەندە ئەحمەد رەمزی ئامادەنەبوو ناوی بەربژێرەکان ئاشکرا بکات، بەڵام نەیشاردەوە سێ بەربژێر هەن بۆ شوێنگرتنەوەی محەممەد سەمعان-ی سەرۆکی بەرەی تورکمانی، کە هاوکات پارێزگاری کەرکووکە.
راشیگەیاند، دوای گەڕانەوەیان بۆ کەرکووک، لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکان گفتوگۆ و سازان دەکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک. گوتیشی، بەهۆی ئەوەی پۆستەکە تاوەکو کۆتایی ساڵ لای تورکمان دەبێت، پەلە دەکەن لە یەکلاییکردنەوەی بەربژێرەکانیان.


