سەدر هۆشداری لە گەیشتنی ئیسرائیل بۆ سەر سنوورەکانی عێراق دەدات

19-03-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، هۆشداریی دا لە گەیشتنی ئیسرائیل بە سنوورەکانی عێراق "بە یارمەتیی ئێرە و ئەوێ". ئاماژەی بەوەش دا، دۆخی ئێستای ناوچەکە "دەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە فەلەستین بفرۆشرێت."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 19-03-2025 لە پلاتفۆرمی ئێکس موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە نووسیویەتی، "زانیاریمان ھەبووە و ھۆشداریمان داوە لەوەی دۆخی غەززە و تەنانەت شوێنەکانی دیکەش بەرەو کوێ دەڕوات، بوونی دووژمنی زایۆنی لە ناوچەکەدا ئەنجامی باشی نابێت."
 
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە ئاماژەی بەوەش داوە، "ئەوەتا دووژمن دەست دەکاتەوە بە بۆردوومانکردنی خەڵکی سڤیل و منداڵ بە پشتیوانیی ئەمریکای تیرۆریستی قێزەون، زۆر کەسیش تەنیا بێدەنگ بوون و تەماشای شەهیدانی غەززە و منداڵەکانیان و ژنەکانیان دەکەن، کە بە مووشەکەکانی تیرۆریستیی زایۆنی - ئەمریکی دەکوژرێن، یان بەهۆی گەمارۆیەکی نێودەوڵەتیی پتەو و بێ هیچ رێگرییەکی مرۆیی و شەرعی دەکوژرێن."
 
موقتەدا سەدر دەڵێت، دۆخی ئێستا "دەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە فەڵەستین بفرۆشرێت، بۆئەوەی زایۆنیزم بە ئاسانی لە خاکە ئیسلامی و عەرەبییەکاندا بڵاوببێتەوە، بەڵکو بە یارمەتیی ئێرە و ئەوێ، بۆئەوەی ئیسرائیل بگاتە سنوورەکانی عێراق، کە دووژمن سەرەتا و بەتایبەتی دەیەوێت، ئەو کات پەشیمانی سوودی نابێت."
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆسەر کەرتی غەززە سەرکۆنە کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەپەلە بجووڵێت بۆ کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییە گەورەکان و پاراستنی هاووڵاتییانی فەڵەستینی.
 
دوێنێ سێشەممە 18ی ئاداری 2025 وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا  گوتی، "کۆماری عێراق بە تووندترین دەربڕین دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە دڕندەییەکانی قەوارەی زایۆنیی لە دژی هاووڵاتییانی بێتاوان لە کەرتی غەززە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات."
 
بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، بەهۆی هێرشەکانەوە 404 فەلەستینی کوژراون، کە زۆربەیان منداڵ و ژنن و 562 کەسی دیکە برینداربوون.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، "ئەم کردە شەڕانگێزییە پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکانە، راستەوخۆ هاووڵاتییانی بێتاوان دەکاتە ئامانج، ئەمەش جەخت لە بەردەوامیی سیاسەتی سەرکوت و دەستدرێژی دەکاتەوە، کە قەوارەی زایۆنی دژی گەلی فەلەستین پەیڕەوی دەکات."
 
دەشڵێت، کۆماری عێراق بەردەوام لەگەڵ گەلی فەڵەستینە لە خەباتی دادپەروەرانەیاندا بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و مافە رەواکانیان، لەنێویاندا مافی دیاریکردنی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان.
 
سوپای ئیسرائیل، دوێنێ سێشەممە رایگەیاند، بە فەرمی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە بە ناوی "عیزەت ئەلسەیف" دەستپێکردووە. بە بیانووی ئەوەی کە ئامانج لێی بزووتنەوەی حەماسە.
 
سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی دوێنی و لە کاتی پارشێودا هێرشی ئاسمانی چڕ و کتوپڕی ئەنجامدا، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 413 فەلەستینی کوژران و سەتانی دیکە برینداربوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە