رووداو دیجیتاڵ
کاژێر حەوتى بەیانیی ئەمڕۆ ناوەندەکانی دەنگدان بەڕووی هەڵبژاردنى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کرانەوە، کە تێیدا زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە بۆ دیاریکردنى 285 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەنێو نزیکەى شەش هەزار بەربژێردا.
یەکەمجارە لەدواى ساڵى 2013 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 14 پارێزگاى عێراق بکرێت، یەکەمجاریشە لە دواى ساڵى 2005 هەمان هەڵبژاردن لە کەرکووک دەکرێت.
15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کەس مافى بەشداریکردنیان لە دەنگدانى گشتیی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکاندا هەیە، بۆ ئەو مەبەستە حەوت هەزار و 166 ناوەندى دەنگدان و 35 هەزار و 553 وێستگەى دەنگدان کرانەوە.
ئەرکى ئەنجوومەنى پارێزگاکان؛ هەڵبژاردنى پارێزگار، چاودێکریکردنى حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکانیان و پەسندکردنی پارەى پڕۆژەکانی پارێزگاکانیانە.
ژمارەى کورسییەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەو 15 پارێزگایەى هەڵبژاردنەکەی تێدا دەکرێت، 285 کورسییە، 75 کورسی کۆتای ژنن، هەروەها 10 کۆتاى پێکهاتەکانى کریستیان، شەبەک، کوردى ئێزدى، کوردى فەیلی، سائیبەى مەندایین.
پێنج هەزار و 904 کەس خۆیان بەربژێر کردووە کە 70 بەربژێریان سەربەخۆن. 38 هاوپەیمانێتى و 28 پارت بەشدارى لەو هەڵبژاردنەدا دەکەن.
206 هەزار و 429 فەرمانبەر، سەرپەرشتیى پرۆسەى دەنگدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەکەن و 111 هەزار و 714 کامێراى چاودێریش لە بنکە و ناوەندەکانى دەنگدان دانراون بۆ چاودێریکردنى پرۆسەى دەنگدان.
بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، کاژێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، (دووشەممە، 18-12-2023) سندووقەکانى دەنگدان دادەخرێن و لەدواى 24 کاژێر لە داخستنى سندووقەکانى دەنگدان، ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان رادەگەیێندرێت.
ئەمەش بخوێنەوە:
چەند زانیارییەک لەبارەی دەنگدانی گشتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
تۆڕی میدیایی رووداو لە کاژێر 06:00ـی بەیانیی ئەمڕۆوە دەستی بە رووماڵ کردووە و تۆڕی پەیامنێرانمان لە بنکەکانی دەنگدانەوە دوایین زانیارییەکانتان بۆ دەگوازنەوە.



