رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، نابێت عێراق رێگە بدات هیچ لایەنێک بۆ هێرشی تیرۆریستی خاکەکەی بەکاربهێنێت. گوتیشی، راپێچکردنی عێراق بۆ تەنگژەیەکی هەرێمی، لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە.
رۆژی دووشەممە 18-11-2024 ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند: "حکومەتی عێراق نابێت رێگە بدات خاکەکەی بۆ هێرشی تیرۆریستی لە دژی هیچ کەسێک بەکاربێت."
میڵەر هەروەها گوتی: "ئەمە لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە بۆ ئەوەی بخزێنرێتە نێو تەنگژەیەکی هەرێمی. حکومەتی عێراق پێویستە هەموو هەنگاوێک بنێت بۆ ئەوەی رێگریی لەو رێکخراوە تیرۆریستییانە و هێرشەکانیان بکات."
دیار کوردە لە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پرسی، ئایا گۆڕانی ئیدارە لە واشنتن هیچ کاریگەرییەکی لەسەر گفتوگۆکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق دروستکردووە سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندی ئەمنی و مانەوەی هێزەکانتان لە عێراق؟ میڵەر لە وەڵامدا گوتی: "من ناتوانم باسی ئەوە بکەم ئیدارەی داهاتوو بەنیازە چی لەسەر سیاسەتی ناوچەی هەر شوێنێک لە جیهاندا بکات؛ ئەو شتەی بڕوامان پێی بێت، لە بەرژەوەندیی ئەمریکادایە. ئێمە لەم جۆرە سیاسەتانە بەردەوام دەبین و لە نێوان ئێستا و 20ـی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو دەیانکەین."
رووداو: ئایا گۆڕانی ئیدارە لە واشنتن هیچ کاریگەرییەکی لەسەر گفتوگۆکانی ئێوە لەگەڵ عێراق دروستکردووە سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندی ئەمنی و مانەوەی هێزەکانتان لە عێراق؟
ماتیو میڵەر: ئەمە دەچێتەوە سەر ئەو پرسیارەی لە دوایین جار لێرە وەڵامم دایەوە، کە پێموابێت پێش یان دوای هەڵبژاردن بوو، وابزانم هەفتەی پێشوو بوو کاتێک لە گەشتدا بووم. وەڵامە گشتییەکە ئەوەیە؛ هەروەک روونە من ناتوانم باسی ئەوە بکەم ئیدارەی داهاتوو بەنیازە چی لەسەر سیاسەتی ناوچەیی هەر شوێنێک لە جیهاندا بکات، بە روونی گوتوومانە کە ئەو شتەی بڕوامان پێی بێت، لە بەرژەوەندیی ئەمریکادایە. ئێمە لەم جۆرە سیاسەتانە بەردەوام دەبین و لە نێوان ئێستا و 20ـی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو دەیکەین، بەڵام نامەوێت پێشبینیی هیچ شتێکی ئیدارەی داهاتوو بکەم.
رووداو: گرووپە چەکدارەکانی عێراق هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل زیادکردووە، هەتا دوێنێش هێرشێکیان کردە سەر ئیلات، ئەوان پاساوی بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاردەهێنن بۆ ئەو هێرشانە، لەسەر ئەمە حکومەتی عێراقیش ئاماژەی بەوەدابوو کە لەگەڵ ئێوە قسە دەکەن، لێدوانی ئێوە لەسەر ئەمە چییە، پاساوێکی رەوایە؟
ماتیو میڵەر: بێگومان نا. ئێمە لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ حکومەتی عێراق کارمان کردووە، بۆ ئەوەی روون بم، حکومەتی عێراق نابێت رێگە بدات خاکەکەی بۆ هێرشی تیرۆریستی لە دژی هیچ کەسێک بەکاربێت. ئەمە لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە بۆ ئەوەی بخزێنرێتە نێو تەنگژەیەکی هەرێمی. حکومەتی عێراق پێویستە هەموو هەنگاوێک بنێت بۆ ئەوەی رێگریی لەو رێکخراوە تیرۆریستییانە و هێرشەکانیان بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ