رووداو دیجیتاڵ
لەیس دلێمی کە بە سکاڵاکەی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پۆستەکەی و پەرلەمانتاریش دوورخرایەوە، بە رووداوی راگەیاند، "حەلبووسی چەندین دۆسیەی دیکەی لەسەرە و خۆی بەدواداچوونیان بۆ دەکات و مافی ستەملێکراوان دەگەڕێنێتەوە" و دەشڵێت، "حەلبووسی و تەقەدوم، جارێکی دیکە چاویان بە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ناکەوێتەوە و دەرفەتیان لەدەستداوە."
لەیس دلێمی، ئەندامی سەرکردایەتیی هاوپەیمانی حەسم و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، هەڵسەنگاندنی بۆ لێکەوتەکان و دوایین پێشهاتەکانی پرسی دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی و شوێنگرتنەوەی کرد.
لەیس دلێمی لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق رایگەیاند، "ئەم بڕیارە سەرەتای دەستپێکردنەوەی دادپەروەرییە، بەوپێیەی یەکەمین جارە یەکێک لە دەسەڵاتدارە هەرە باڵاکانی وڵات بەپێی بڕیارێکی دادپەروەرانە و بوێرانەی دادگە سزادراوە."
دلێمی روونیکردەوە، "حەلبووسی چەندین دۆسیەی دیکەی لەسەرە و بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیانەش دەکرێت کە پەیوەندییان بە خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەکانییەوە هەیە، ئەمە جگە لە ساختەکارییەکی گەورە کردوویەتی."
باسی لەوەشکرد، چەند فراکسیۆنێکی پەرلەمان، گوشاریان دروست دەکرد بۆ ئەوەی دۆسیەکە نەچێتە دادگە و دادگەییکردنەکەی دوابخرێت یان دۆسیەکە دابخرێت، بەڵام دادگە گوێی بە گوشارەکان نەدا و بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی دەرکرد. گوتیشی، "سکاڵاکەم بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبووە، بەڵکو بۆ پاراستنی شکۆی دەوڵەت بووە. فراکسیۆنە سونییەکانیش لە ئامادەکاریدان بۆ ئەوەی لەنێوخۆیاندا رێککەون بۆ دەستنیشانکردنی شوێنگرەوەی حەلبووسی."
گوتیشی، "چەندین جار هەڕەشەم لێکرا و هەوڵیاندا بە پارە قایلم بکەن بۆ ئەوەی دەستبەرداری سکاڵاکەم ببم و پاشگەزببمەوە، بەڵام وازم نەهێنا و بڕیارمدا هەموو توانایەکم بخەمەگەڕ بۆ ئەوەی ساختەکاران و گەندەڵکاران دووربخەمەوە. دادگە سەلماندی کە ئەم کەسەر ساختەکاری کردووە هەروەها چەندین دۆسیەی دیکەی گەندەڵی لەسەر لە تەخشان و پەخشانکردنی زەویوزار و سکاڵاکەی باسم خەشان لە دۆسیەی BGR سکاڵای من لەبارە ساختەکاری ئەمە جگە لە دۆسیەکانی قەرەبووکردنەوە و گوشارخستنە سەر کەسایەتیی کۆمەڵایەتییەکان و دەستدرێژیکردنە سەر هاووڵاتییان و گەنجان هەموو ئەم بابەتانە بەدواداچوونیان بۆ دەکەم و مافی هەموو ستەملێکراوەکان دەگەڕێنمەوە."
رەتیکردەوە بڕیاری دادگە سیاسی بێت و گوتیشی، "ئەوان باس لەوە دەکەن کە ئێران و لایەنە سیاسییەکانی سەر بە ئێران ئەم کارەیان کردووە و دەرەنجام ستەمیان لێکراوە، بەڵام ئەمە درۆیە چونکە لە ماوەی رابردوودا هەموویان دەستیان بە حەلبووسی گرتبوو بەتایبەتی لایەنە شیعەکان و حیزبەکانی دیکەش دژی نەبوون، بۆیە 90٪ـی هەموو لایەنەکان لەگەڵ ئەوەبوون کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حەلبووسی باش بکەن، بەڵام بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی شۆکی کردن."
لەبارەی شوێنگرتنەوەی حەلبووسی، ئەو پەرلەمانتارە پێشووە رایگەیاند، "کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی سوننە بەردەوامە و ناوەکان پێشکێشی برایانی کورد و شیعە دەکرێت. بەپێی زانیارییەکانم، نۆ کەس ناویان هاتووە بۆ ئەوەی ببنە شوێنگرەوەی حەلبووسی. چانسی هەمووان یەکسانە هەر لە بەربژێرەکانی سیادە، عەزم، حەسم و بەربژێرەکانی دیکەش بەڵام هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی سەرجەم لایەنە سونییەکان کەسێکی هاوبەش دەستنیشان بکەن، چونکە ئەم پۆستە هی حیزب نییە، هی تەقەدوم نییە، بەڵکو موڵکی پێکهاتەی سوننەیە. تەقەدوم چانسی لەدەستداوە و ئەگەر گوشاریش بکەن، جەماوەر توڕە دەکەن. تەقەدوم خۆی تاقیکردەوە و خراپەکاری زۆری لە دژی سوننەکان کرد و بۆیە جارێکی دیکە ناتوانن ئەم پۆستە بەدەست بهێنن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ