پەروەردەی عێراق داوایەک تایبەت بە مامۆستایانی هەرێمی کوردستان ئاراستەی وەزارەتی دارایی دەکات

17-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی عێراق داوا لە وەزارەتی دارایی عێراق دەکات رەزامەندی لەسەر گواستنەوەی خزمەتی ژمارەیەک مامۆستا لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سەر میلاکی حکومەتی عێراق بدات، چونکە ئەو کەسانە بەهۆی گواستنەوەی ماڵ یان هاوژینیانەوە دەیانەوێت دەوامەکەیان بگوازنەوە.

وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە واژۆی ئیبراهیم نامس جبووری، وەزیری پەروەردە، رۆژی دووشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2024، نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە و تێیدا داوا دەکات رەزامەندی لەسەر گواستنەوەی خزمەتی ژمارەیەک مامۆستا بدات کە داوای گواستنەوەیان بۆ سەر میلاکی حکومەتی عێراق کردووە.
 
وەزیری پەروەردەی عێراق دەڵێت، "ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی پەروەردە کە ئەو مامۆستایانە دەیانەوێت میلاکیان بۆ بگوازنەوە، پشتیوانی تەرخانکردنی پلەی وەزیفی و تەرخانکردنی دارایی دەکەن، چونکە گواستنەوەی خزمەتگوزارییەکە لە هەرێمی کوردستانەوە لە دەرەوەی پلە و تەرخانکردنی دارایی دەبێت؛ بۆیە وەزارەت پشتگیری لە گواستنەوەیان دەکات بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی هەیە کە بەهۆی بەردەوامیی خانەنشینبوونەوە دروستبووە". 
 
وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە نووسراوکەدا داوا لە وەزارەتی دارایی عێراق دەکات "رەزامەندی دەربڕێت بۆ گواستنەوەی خزمەتی ئەو مامۆستایانە کە دانیشتووی پارێزگاکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیین".
 
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو نووسراوە دوای داواکاریی ژمارەیەک مامۆستا دێت کە داوایان کرد میلاکیان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ سەر حکومەتی ناوەندی بگوازرێتەوە، بەڵام گواستنەوەکە بێ هەژمارکردنی خزمەت و پلە و تەرخانکردنی دارایی پەیوەست بەو خاڵانە دەبێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ژن و پیاوێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی سزا دەدرێن

ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.