هەرێم کەمال ئاغا: لایەنە شیعەکان رەزامەندییان لەسەر پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی خانوو و زەوی دەربڕیوە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەحمەد حەمید
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق. وێنە: رووداو
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ فراکسیۆنە شیعەکان لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە و بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، شیعەکان رەزامەندییان داوە پڕۆژەیاسای گێرانەوەی خانوو و زەوی بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە. بڕیارە ئەمڕۆش فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ فراکسیۆنە سوننەکان لەبارەی هەمان بابەت کۆببنەوە.
 
لە دانیشتنی رۆژی دووشەممە 16-09-2024ی پەرلەمانی عێراقدا دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى خانوو و زەوی بۆ خاوەنەکانیان دواخرا.
 
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، "پرۆژەیاسای گێرانەوەی خانوو و زەوی ئەو کەسانەی کە بەپێی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش دەستیان بەسەردا گیراوە، بۆ جووتیارانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە؛ سوودی زۆری بۆ تورکمان و عەرەبیش دەبێت."
 
بە گشتی لە سنووری پارێزگای کەرکووک ملیۆنێک و 200 هەزار دۆنم زەوی لەنێوان کورد و تورکمان لەگەڵ عەرەبی هاوردە کێشەیان لەسەرە؛ لە خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدینیش 10 هەزار دۆنم زەوی کێشەی لەسەرە.
 
هەرێم کەمال ئاغا گوتی، "پێشتر نەتوانرابوو پڕۆژەیاسای گێرانەوەی خانوو و زەوی بە باشی بۆ برا شیعە و تەنانەت سوننەکانیش روون بکەینەوە."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی گوتی، "شەوی رابردوو لە ماڵی موحسین مەندەلاوی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە شیعەکان کۆبووینەوە و تێیدا پڕۆژەیاساکە بۆ سەرۆکی فراکسیۆنەکان روونکرایەوە و گوتمان بەشێکی زەوییەکان بەدەست خاوەنەکانی خۆیانەوە، بەڵام بەشێکی دیکەیان گرێبەستێکی بێ بنەمایان هەیە و ئەو گرێبەستانە هەڵدەوەشێتەوە، ئەگەر دەنگ لەسەر پڕۆژە یاساکە بدرێت."
 
هەرێم کەمال ئاغا باسی لەوەشکرد، "بەشێکی لایەنەکان پێیان وایە پڕۆژەیاساکە بارگرانییەکی زۆر لە رووی داراییەوە دەخاتە سەر حکومەت. بەڵام پێیان راگەینرا ئەنجوومەنی پارێزگاکان بڕیار دەدەن لەسەر قەرەبووکردنەوەکە لەسەر بودجەی پارێزگاکە."
 
هەرێم کەمال ئاغا گوتی، "دوای ئەو کۆبوونەوەیە فراکسیۆنە شیعەکان رەزامەندییان داو گرفتیان نەبوو (کە پڕۆژە یاساکە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە)، ئەمڕۆش دوایین کۆبوونەوە لەگەڵ فراکسیۆنە سوننەکان دەکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە