رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى بڕیاریدا رێوشوێنى یاسایی لە دژى سەرۆکى دەستەى دەستپاکى بگرێتەبەر بە تۆمەتى ئەوەى "بێڕێزى" بەرامبەر بەو ئەنجوومەنە کردووە.
16ـی ئەیلوولى 2024، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق بە سەرۆکایەتیی فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە و چەند بڕیارێکى دەرکرد.
یەکێک لە بڕیارەکان ئەوە بووە کە رێوشوێنى یاسایی لە دژى حەیدەر حەنوون، سەرۆکى دەستەى دەستپاکیی عێراق بگرێتەبەر بە تۆمەتى ئەوەى "بێڕێزی" بەرامبەر بەو ئەنجوومەنە کردووە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەرى ئاماژەى بەوە داوە کە سەرۆکى دەستەى چاودێریی دادوەری راپۆرتێکى لەبارەى ئەو قسانە ئامادە کردووە کە حەیدەر حەنوون لە دوو کۆنگرەى رۆژنامەڤانى لە یەکى تەممووز لە بەغدا و 4ى ئەیلوول لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کردوونى. دەڵێت، دەرکەوتووە "بانگەشەى ناڕاستن و ئامانج لیێیان شێواندنى راى گشتى بووە."
بەپێی ئەنجوومەنەکە، ئەو قسانە وەکو کاردانەوەی حەنوون بوون لە بەرامبەر گرتنەبەرى رێوشوێنى یاسایی لە دژی لە دۆسیەى پارچە زەوییەک لە پارێزگاى مەیسان.
حەیدەر حەنوون لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەى لە هەولێر رایگەیاند، ئەو دوو پارچە زەوى لە مەیسان وەرگرتووە وەک فەرمانبەر و وەک سەرۆکى دادگەى پێداچوونەوەى پارێزگاکە. گوتیشی کە "لە سەردەمى دەسەڵاتى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى پێشوو پارچە زەوى دراوە بە سەرۆک و ئەندامانى ئەنجوومەى باڵاى دادوەرى و سەرۆک و ئەندامانى دادگەى باڵاى فیدراڵى."
بانگەشەکەی حەنوون لەوەدا بوو کە ئەو زەوى دابەشکردنەی بە "کڕینەوەى وەلائی ئەو بەرپرسانە" ناو برد.
بە گوێرەى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، دادگەى سێى لێکۆڵینەوەى کەرخ راسپێردراوە بۆ گرتنەبەرى ئەو رێوشوێنە یاساییە لە دژى سەرۆکى دەستەى دەستپاکى.
رۆژی 11ـی ئەیلوول، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لە ژمارەیەک تۆماری دەنگی دەستپێکردووە کە گوایە دەنگى حەیدەر حەنوون، سەرۆکى دەستەى دەستپاکین و لەنێو تۆمارەکاندا "تاوانى بەرتیل وەرگرتنى تێدایە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ