رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی سەرجەم فراکسیۆنەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە رۆژی دووشەممەی داهاتوو ئامادەی کۆبوونەوە بن.
ئەمڕۆ شەممە 16-07-2022 نەهلە قادر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی سەرجەم فراکسیۆنەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە رۆژی دووشەممەی داهاتوو ئامادەی کۆبوونەوە بن بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چەند پرسێک.
نەهلە قادر ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، ئامادەکاریی دەکات بۆ دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆککۆماری عێراق، هەروەها گفتوگۆش لەبارەی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمان دەکرێت کە چەند رۆژێکی ماوە دەستپێبکات.
رۆژی شەممە 16-07-2022، فەهد جبووری، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەیەک ناو هەیە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران باسیان دەکرێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەم نزیکانە کۆدەبێتەوە. بەهۆی تووشبوونی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، خستنەڕووی ناوەکان لە کۆبوونەوەی ئەمدواییانەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دواخراوە.
بەگوتەی فەهد جبووری، پێنج کەس هەن کە ناویان دێت وەک بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران، بەڵام تاوەکو رەزامەندی لەسەر بڵاوکردنەوەی ناوەکان نەدرێت، باس ناکرێن. هاوکات گوتیشی، ئەمانە لە ژێر رۆشنایی نێوخۆیی و دەرەکی و پەسندکراویی و جەماوەرییەتی دەبن.
ئەندامەکەی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی جەختی لەوە کردەوە، لەنێو ناوی بەربژێرەکاندا، ناوی ئەوانەی تێدانییە، کە پێشتر سەرۆکوەزیران بوونە، رەنگە تەنیا یەک ناو هەبێت. دۆخەکە بەگشتی وەک رابردوو نییە، پێویستە رەچاوی قسەکانی موقتەدا سەدر و مەرجەعییەت بکرێت، بەوەی تاقیکراو، تاقیناکرێتەوە، بۆیە دووپاتی دەکەنەوە، بابەتی تاقیکراو، تاقینەکرێتەوە رەچاو دەکرێت.
محەممەد شیاع سوودانی، قاسم ئەعرەجی، عەبدولکەریم عەبتان، حەیدەر عەبادی و نووری مالیکی لەنێو ئەو ناوانەن کە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لە میدیاکانەوە باسیان دەکرێت.
لەبارەی جێگرەوەی حاکم زاملی، بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، فەهد جبووری روونیکردەوە، تاوەکو ئێستا پۆستی جیگری سەرۆکی پەرلەمان تاوتوێ نەکراوە، ئەوەی هەیە بابەتی دیاریکردنی سەرۆکوەزیران و تەواوکردنی کابینەی وەزارییە. ژمارەیەک ناو دەهێنرێت کەسی سەربەخۆشی تێدایە، بەڵام ئەو بابەتە دواخراوە تاوەکو دوای هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران.
ئەمە لەکاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا، پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێری هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێکنەکەوتوون و هەردوولا سوورن لەسەر نەکشاندنەوەی بەربژێری خۆیان.
ئەمڕۆ شەممە 16-07-2022، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، میوانی بوولتەنی نوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە بێستوون عوسمان لە ستۆدیۆکانی سلێمانی پێشکێشی دەکات.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت، ڤیان سەبری گوتی، "لایەنە سیاسییەکان لە عێراق بە پێویستی دەزانن تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بکرێت. پێویستە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە ئەو دانیشتنە بکرێت، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان رێککەوتن."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە، پرسی پێکهێنانی حکومەت "بە شەو و رۆژێک چارەسەر نابێت؛ تاوەکو ئێستا دانوستاندنی جیدی نەکراوە؛ ئێمە بە هیوای ئەوەبووین دوای جەژن دانوستاندنی جیدی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی نێو پەرلەمان دەستپێبکات."
ڤیان سەبری دەڵێت، "تاوەکو ئێستا نێو ماڵی شیعە لەسەر بەربژێرێک بۆ سەرۆکوەزیران رێکنەکەوتوون، تاوەکو ئێستا لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆیان یەکلانەکردووەتەوە کە کێ بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر دەکەن."
ڤیان سەبری پێیوایە بابەتی سەرۆککۆمار بابەتێکی "ئاڵۆز و هەستیارە؛ ئەوە نییە بە بڕیارێکی یەکلایەنە یەکلابکرێتەوە. ئێمە وەکو پارتی، بەربژێری خۆمان هەیە؛ بەڵام ئەستەمە بچینە نێو هاوکێشەک هاوشێوەی 2018؛ بۆیە پێویست بە رێککەوتنێکی کۆنکرێتی دەکات."
ڤیان سەبری بە پێویستی زانی "لە ئەمڕۆوە دانیشتنی جیدی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار لەنێوان پارتی و یەکێتی و تەنانەت چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانیی سەروەریش دەستپێبکات. بابەتەکە تەنیا سەرۆککۆمار نییە؛ سەرۆککۆمارە، سەرۆکوەزیرانە، بەرنامەی حکومەتە، پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراقە."
هاوکات هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە بوولتەنی کاژێر 12:00دا گوتی: "ئەم هەفتەیە، هەفتەی کۆتایی ململانێ و کۆبوونەوەکان و گفتوگۆکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، رەنگە بە ئاراستەیەکیش بڕوات بگاتە ئاستی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان، بۆیە گفتوگۆکان لە نێوماڵی شیعە لەم رۆژانە دەبێتە یەکلابکرێتەوە."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی گوتیشی: "دووبارە دروستبوونەوەی سێیەکی پەکخەر بە واتای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دێت، بەڵام قورسە سێیەکی پەکخەر دروستبێتەوە، چونکە 73 پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سەدر کشاونەتەوە و ئەوانەی لە جێگەیان هاوتونەتە پەرلەمان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگین."
هەرێم کەمال ئاغا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە رژدین لەسەر کاندیدی خۆمان کە د. بەرهەم ساڵحە، پارتیش پێداگری لە بەربژێری خۆی دەکات، هەربۆیە بە دوو تیمی جیاواز لە بەغدا هەریەکە و کار بۆ بەربژێری خۆی دەکات، هیوادارین بتوانین لەم رۆژانەدا لەسەر ئەو پرسە بگەینە رێککەوتن."
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رۆژی هەینی 15-07-2022 لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "لەگەڵ کۆتاییهاتنی پشووی وەرزی یەکەمی یاسادانانی پەرلەمان و پشووی جەژنی قوربانی پیرۆز، هەروەها دەستپێکردنی وەرزێکی نوێی یاسادانان، داوا لە برایان و خوشکان و سەرۆکی لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان دەکەم، بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و گفتوگۆکان یەکلایی بکەنەوە بۆ چوون بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.

.jpeg&w=3840&q=75)

